ئیسماعیل ته‌ها
ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی حزبی كوردی ته‌نگژه‌ی هه‌یه، هه‌موو ئه‌و حزبانه ته‌نگژه‌كانیان له یه‌كتر ده‌چێت، تا ئێسته هیچ حزبێك ته‌نگژه‌ی خۆی بنبڕ نه‌كردووه، بۆیه ماوه ماوه به‌هه‌مانشێوه‌ی پێشوو سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه، كاتێكیش حزبێك جیا ده‌كه‌نه‌وه، دوای ماوه‌یه‌ك هه‌مان ته‌نگژه بووه‌ته هۆی جیابوونه‌وه‌ی. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین هه‌ریه‌كه و به جۆرێك گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازی كاركردنیان كه له‌یه‌ك ده‌چن، كه‌واته تهنگژهكانیشیان له‌یه‌ك ده‌چن.
له‌م نووسینه‌دا زۆربه‌ی گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی حزبی له‌و چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه كورت ده‌كه‌مه‌وه كه پێم وایه گرفتی سه‌ره‌كین:
له‌بری لایه‌نگری ئه‌ندامبوون.
وڵاتی ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێسته خاوه‌نی سیسته‌مێكی تۆكمه نییه بۆ به‌ڕێوه‌بردن، له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك حزبی كوردی مه‌ترسی كه‌مبوونی ده‌نگه‌كانی هه‌یه، هه‌وڵ ده‌دات له‌سه‌ر به‌ڵێنی كه‌سی ئیش بكات، بۆیه زۆرترین ئه‌ندام له ده‌وری خۆی كۆ ده‌كاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر حزب چه‌ند لایه‌نگری زۆر بێت و ئه‌ندامی كه‌متر بێت، گرفتی ناوخۆیی كه‌متر ده‌بێته‌وه و كه‌متر له رووی داراییه‌وه فشاری له‌سه‌ر ده‌بێت، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌واداری ئه‌و حزبه‌ن، هیچ ئه‌ركێكی حزبییان له‌سه‌ر نییه، به‌وه‌یش هیچ مافێكی داراییان ناكه‌وێته سه‌ر، به‌ڵام لێره به‌پێچه‌وانه‌یه حزب هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات له بری به جهماوهریكردنی حزب، جه‌ماوه‌ر به حزبی بكات، ئه‌ویش له رێی به‌ڵێنی كه‌سییه‌وه، بۆیه تا ئێسته‌یش حزبه‌كان به یه‌ك شێواز كار ده‌كه‌ن بۆ ڕاكێشانی خه‌ڵك.
زۆر جار له كاتی هه‌ڵبژاردن حزبه‌كان به‌دوای ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی جه‌ماوه‌رین، /به‌تایبه‌ت مامۆستای ئاینی/ كاتێكیش ده‌رده‌چێت زۆرجار حزبه‌كان تووشی دووڕێیان بوونه، یان نیگه‌رانكردنی ئه‌و كه‌سه، یان پێدانی پۆستی سه‌رۆكی فراكسیۆن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته نیگه‌رانكردنی ئه‌ندامانی پێشووی خۆیان، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا دواتر حزب تووشی ره‌خنه بووه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت: ئه‌و كه‌سه‌یان ته‌نیا بۆ ده‌نگ پێویست بوو، ده‌نگیان پێ كۆ كرده‌وه، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی هه‌وادارانی ئه‌و كه‌سه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
كوتله‌ی باڵاده‌ست
باڵاده‌ستی كوتله‌یه‌كی به‌هێز له حزب و پێشێلكردنی پێڕه‌و و پرۆگرامی ناوخۆی حزب، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و به‌شدارانی خه‌باتی شاخ، هه‌روه‌ها له‌و حزبانه‌ی دوای راپه‌ڕین دامه‌زراون، به‌ناوی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌وه، پێگه‌ی سه‌ره‌كی حزبیان كۆنترۆڵ كردووه، زۆربه‌ی جار پێڕه‌وی ناوخۆ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه پێشێل ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر سه‌یری كاره‌كان بكرێت له‌گه‌ڵ خه‌باتی شاخ به‌یه‌ك شێوه كار ده‌كه‌ن، به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رن، تا ده‌مرن ده‌بێ ئه‌وان له سه‌رووی مه‌جلیس بن، به‌ناوی شاره‌زایی، هه‌موو بڕیاره‌كانی حزب له ده‌ستی مه‌كته‌ب سیاسیدایه، ئه‌ویش له كۆمه‌ڵێك كه‌س پێكهاتووه بهجلك له شار و به عه‌قڵ له شاخ، كاتێكیش حزب تووشی شكست ده‌بێت، هیچ كه‌س له‌خۆبردوویی ئه‌وه‌ی تێدا نییه، ئۆباڵی شكست هه‌ڵبگرێت و ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه.
حیساب نه‌كردن بۆ هه‌ڵگرانی بڕوانامه و پسپۆڕی، هه‌ڵگرانی بڕوانه‌ی به‌رز له زۆربه‌ی حزبی كوردیدا، هه‌میشه جێی له خواره‌وه‌یه، ئاسته‌نگ بۆ هه‌ڵگرانی بڕوانه‌ی به‌رز دروست ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی جاریش هه‌ڵگرانی بڕوانامه و پسپۆڕی به ناچاری له‌به‌ر دروستكردنی به‌ربه‌ست و له ئۆرگانه‌كان ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه.
بێمنه‌تی له ئه‌ندامانی حزب.
یه‌كێك له سیفه‌ته‌كانی زۆربه‌ی حزبه كوردییه‌كان، بێمنه‌تییه به‌رانبه‌ر ئه‌ندامانی خۆی، كاتێك ئه‌ندامێكیان نیگه‌رانه یان گرفتێكی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئۆرگانێك ئه‌و كه‌سه سه‌ركه‌وتووه كه كوتله‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه، له مه‌كته‌ب سیاسی گرووپێكی به‌هێز هه‌ن پشتیوانی لێ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه چه‌ند له‌سه‌ر حه‌ق بێت، ئه‌و له كۆتادا یان ده‌بێت به ناچاری بێ ده‌نگ بێت، یان ده‌بێت حزب به‌جێ بهێڵێت، ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی له‌و حزبه جێی هیچ ناگرێت، زۆر جاریش تۆمه‌تبار ده‌كرێت، به خیانه‌ت و ده‌ست له‌پشتدانی ده‌ره‌كی، دوای ده‌رچوونی كه‌سێكی خزمی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه، ئه‌و ئیمتیازه‌ی كه پێشتر نیوه‌ی به‌و ره‌وا نه‌ده‌بینرا، دوای ده‌رچوونی زۆر به زیاده‌وه ده‌درێت به‌و كه‌سه‌ی جێی ده‌گرێته‌وه.
پێدانی پۆستی حزبی به خه‌ڵكی تازه
كاتێك كه‌سێك له حزبێكه‌وه دێته حزبێكی تازه، ئیتر كام جێی زۆرباش بێت، ده‌درێت به‌و كه‌سه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبه كه‌سێكی تری شایسته‌ی نه‌بێت له ئه‌ندامانی خۆی، ئه‌و پۆسته بێكه‌س بووه، به هاتنی ئه‌و كه‌سه پۆسته‌كه پڕ بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش زۆرجار بووه‌ته هۆی گرفتی سه‌ره‌كی بۆ هه‌ندێك حزب، كاتێك خه‌ڵكانێكی زۆر و ماندوو له كاركردن بۆ حزب شایسته‌ی ئه‌و پۆسته‌ن، كه‌چی حزب له پێناو هاتنی كه‌سێك له حزبێكی تره‌وه پۆسته‌كه‌یش ده‌خه‌نه خزمه‌تییه‌وه و له‌سه‌ر كورسی به‌رپرسیارێتی دایده‌نێن، زۆر جاریش هه‌بووه خه‌ڵكێك چاوه‌ڕوان بووه ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، دواتر كه‌سه تازه هاتووه، فه‌رمانی به‌سه‌ردا كردووه.
نوێنه‌رایه‌تی حزب
رێگریكردن له ده‌ركه‌وتنی كادرانی خواره‌وه و قسه‌كردن وه‌ك سیاسه‌تی فه‌رمی حزب، یه‌كێكی تره له سیماكانی حزبی كوردی، له زۆرینه‌ی حزبه‌كان ئه‌وانه‌ی له راگه‌یاندن قسه ده‌كه‌ن وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی حزب، ئه‌و كه‌سانه‌ن له مه‌كته‌ب سیاسیدان. جگه له‌وان، هیچ كه‌سێكی تر بۆی نییه باسی سیاسه‌تی حزب بكات، ئه‌گه‌ر له كۆنگره‌ش گه‌نجێك ده‌نگی زۆرینه بێنێت، ئه‌وا بۆی نییه یه‌كسه‌ر بچێته مه‌كته‌بی سیاسی، ده‌یكه‌ن به سه‌ركردایه‌تیی، زۆرجار له كۆنگره‌ی حزب هه‌یه كه‌سێك بۆ یه‌كه‌مجاریه‌تی خۆی هه‌ڵبژێرێت، زۆرترین ده‌نگی كۆنگره‌ی هێناوه، له به‌رانبه‌ردا مه‌كته‌ب سیاسییه‌ك ده‌نگی له‌و كه‌متر هێناوه، به‌ڵام كۆنه‌كه بۆی هه‌یه ببێته‌وه به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی یه‌كه‌م جاره له كۆنگره خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆی نییه ببێت به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.