ماناكانى گرێى سلێمانیبوون
PM:05:10:28/01/2019
سمكۆ محه‌مه‌د
گرێى سلێمانى یه‌كێك له‌و گرێ سیاسییانه‌یه كه ساڵانێكه دروست بووه و تێكه‌ڵ به هاوكێشه‌ى سیاسیى نێوان ته‌واوى پێكهاته سیاسییه كوردییه‌كان بووه و ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌سه‌ر هه‌موو حزبه كوردییه‌كانه‌وه هه‌یه، ته‌نانه‌ت واى كردووه ئه‌وانه‌ى دانیشتووى سلێمانین و ئه‌وانه‌یشی له شاره‌كانى ترن و خه‌ڵكى سلێمانین، هه‌مان گرێى ده‌روونى شاریان هه‌بێت.
ئه‌م گرێیه پێشتریش هه‌ر هه‌بووه و له‌چاو شارێكى وه‌ك كه‌ركووك كه فره‌ڕه‌نگ و ده‌نگ بووه له رووى مه‌زه‌وى و ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، سه‌نعه‌تى بووه له رووى كۆمپانیا و به‌رهه‌مى سروشتى كه نه‌وته، به‌ڵام له دواى راپه‌ڕینه‌وه جارێكى تر له چاو شاره‌كانى تره‌وه دیسان درمه‌كه سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و سه‌ره‌تا له دواى ساڵى 1991 بوو، ئێسته سلێمانى وه‌ك شتێك بووه به گرێیه‌ك له بواره‌كانى ئیدارى و سیاسى.
به‌شیكى تر‌ى گرێ ده‌روونییه‌كه پێوه‌ندیى به سه‌نته‌ربوونى هه‌ولێره‌وه هه‌یه له رووى سیاسییه‌وه كه هاوكێشه‌ى سیاسى هه‌رێمایه‌تى ئه‌و پێناسه‌یه‌ى پێ داوه، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر هه‌ولێر، سلێمانى كێشه‌یه‌كى ریشه‌یى هه‌یه كه پێوه‌ندى به نه‌بوونى یه‌كگوتارى سیاسى و یه‌كده‌نگى و یه‌كهه‌ڵوێستى هه‌یه، ئه‌م فاكته‌رانه واى كردووه سلێمانى وه‌ك پایته‌ختى رۆشنبیریی خۆى نه‌نوێنێت و پێشبڕكێی پێ نه‌كرێت له پێشكه‌وتن له هه‌موو بواره‌كاندا، ئه‌مه‌ش گرێكه‌ى قووڵتر كردووه‌ته‌وه كه به گرێى سلێمانى ناسراوه و ناچارن له‌رێى زمانێكى ناشارستانییه‌وه ده‌ریببڕن.
هه‌ڕه‌شه‌ى دروستكردنى هه‌رێمێكى تر له‌ناو هه‌رێمێك كه سلێمانییه و هه‌میشه هه‌واڵه له میدیاكانى هه‌رێمى كوردستان، گوایه په‌رچه‌كردارێكى سیاسییانه‌یه دژ به رێككه‌وتنى پارتى له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكى تر، ئه‌م كارته به‌ر له‌وه‌ى پێوه‌ندیى به رێككه‌وتنى سیاسییه‌وه هه‌بێت، پێوه‌ندى به گرێى سلێمانیبوونه‌وه هه‌یه، ئه‌و گرێیه‌ش به‌ده‌ر له حاڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه، راسته‌وخۆ چه‌ند ساڵێكه دروست بووه، چونكه ململانێكان هه‌ر جاره‌ى به‌لایه‌كدا ده‌شكێته‌وه و له‌رووى كارگێڕیشه‌وه پێوه‌سته به كه‌ره‌سته‌كانى پێوه‌ندى هه‌رێمى كوردستان به دنیاى ده‌ره‌وه.
نموونه‌ش بوونى فڕۆكه‌خانه‌یه وه‌ك سه‌نته‌رى ترانزێت و گه‌شت و پێوه‌ندییه فه‌رمییه‌كانى دنیا، هه‌روه‌ها بوونى كونسوڵگه و باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان. سلێمانى په‌راوێز خستووه و وه‌ك شارێكى لۆكاڵى ده‌رده‌كه‌وێت.
پرسى ته‌ناهیی یه‌كێكه له پرسه هه‌ره گرینگه‌كان كه كورد به‌رانبه‌ر به دۆخى ته‌ناهیی عێراق شانازى پێوه ده‌كات، كه‌چى سلێمانى به‌هۆى ئه‌وه‌ى زیاتر له كوێخایه‌كى تێدایه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى خه‌ڵك، ترسى زیاترى ته‌ناهیی دروست كردووه، ئه‌مه‌ش كارێكى كردووه كه دوو ئه‌فسه‌رى پله‌به‌رزى كۆن و نوێ كه پێكه‌وه سه‌رده‌مانێك ئاسایشى هه‌رێمى سلێمانییان ده‌پاراست، ئێسته ره‌خنه له یه‌كتر بگرن و یه‌كتر تۆمه‌تبار بكه‌ن به‌وه‌ى كه‌مته‌رخه‌مى له شێوه‌ى به‌ڕێوه‌بردندا هه‌یه. دروستبوونى ئه‌م فه‌زا ته‌ناهییه وه‌ك سیناریۆ، هیچ رووداوێك له‌وانه‌ى روویان داوه، پێوه‌ندیى به كه‌سێتییه‌وه نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى پێوه‌ندیى به‌و هاوكێشه سیاسییه‌وه هه‌یه كه یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و گۆڕان ده‌ره‌نجامه‌كه‌ى ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه، ئه‌مه‌ش كارێكى كردووه كه گرێى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى سلێمانى به كه‌س نه‌كرێته‌وه.
یه‌كێكى تر له‌و گرێ سیاسییانه‌ى كه گرووپێكى سیاسى له سلێمانى دروستیان كردووه، پرسى دوو شێوه پایته‌ختییه، گوایه لاساییكردنه‌وه‌ى یۆنانه كه گوایه ئه‌وانیش خاوه‌نى ئه‌سینا و سپارتان، پایته‌ختێك بۆ سیاسه‌ت و حكوومه‌ت و ئابوورى كه هه‌ولێره، پایته‌ختێك بۆ رۆشنبیرى، بۆیه به‌هه‌رحاڵێك بوو، سلێمانى به فه‌رمانێك كرا به پایته‌ختى رۆشنبیرى، به‌ڵام ئه‌م پایته‌خته تا ئێسته وه‌ك چۆن هه‌ولێر له سلێمانى ئیعتیبارى نییه، ئاوهاش سلێمانى نه‌یتوانیوه ئیعتیبارى رۆشنبیرى په‌یدا بكات له هه‌ولێر و خوێنه‌ره‌كانى، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه له لاى سلێمانى هه‌ولێر بووه به گرێیه‌كى ده‌روونى و به‌بێ ئاگادارى كه دژى پێشكه‌وتنه، گرووپێك هه‌ن شارچێتییان زیندوو كردووه‌ته‌وه و هیچى تر.