حوسێن له‌تیف
"فسكۆنتی كه‌رت بوو" ناوی ڕۆمانێكی ئیتالۆكالفینۆیه و تێیدا باس له نه‌هامه‌تی جه‌نگ ده‌كات كه چۆن مرۆڤ ده‌كات به دوو كه‌رته‌وه، ئه‌و دوو كه‌رته، كه‌رتی خێر و شه‌ڕن و له ململانێدا ده‌بن، دواتریش ئه‌و دوو كه‌رته یه‌ك ده‌گرنه‌وه و ویستی خێر به‌سه‌ر ویستی شه‌ڕدا زاڵ ده‌بێت.
كه‌رت بوو، ناونیشانی ڕۆمانێكی ڕۆماننووسی عێراقی چییا و جوبه‌یلی، باس له جه‌نگ و قوربانییانی جه‌نگ و تیرۆر و جه‌نگی داعش له عێراق ده‌كات. جوبه‌یلی ئایدیای سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئایدیای ڕۆمانه‌كه‌ی كالفینۆ دامه‌زراندووه، وه‌رگرتنی ئایدیای نووسه‌رانی تر وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو بۆ نووسینی چیرۆك و ڕۆمان له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دنیای نووسینی ئه‌م نووسه‌ره عێراقییه‌یه.
جوبه‌یلی به‌رده‌وام سوود له ئایدیاكانی كافكا و كالفینۆ و نیكۆس و هه‌مینگوای و ئه‌وانی تر ده‌بینێت، له‌م ڕووه‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر چیرۆكی (زۆربا) و (وجهه فنسنت القبیح) و (كاتی له‌ده‌ستچوو) و چه‌ندان به‌رهه‌می تریشی. ئه‌و هێنده بێ ترس سوود له ئایدیای نووسه‌رانی دنیا ده‌بینێت، به ئاشكرا ئاماژه بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌كات، كاره‌كته‌ره‌كانیان ده‌هێنێته ناو دنیای خۆیه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌بیری ناچێت، ئه‌وه‌یه له پیشه‌سازی نووسینی چیرۆك و ڕۆمانه‌كانیدا، چیرۆك و ڕۆمانی عێراقییانه ده‌خوڵقێنێت.
له ڕۆمانی "له‌تبوو"دا، باس له كێشه‌ی شوناسی هاونیشتمانیبوون له عێراقدا ده‌كات كه جه‌نگ چۆن عێراقییه‌كان ده‌كات به هاووڵاتیی بێناسنامه له نیشتمانه‌كه‌ی خۆیاندا.
له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا، دوو چه‌كداری ئیسلامی كه ئه‌فغانی و چیچانین، هاووڵاتییه‌كی عێراقی ده‌گرن، پاش ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی باری كه‌سێتی لێ ده‌سێنن و ده‌یدڕێنن، لێی ده‌پرسن تۆ شیعه‌یت یان سوننه؟ به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز وه‌ڵامێكی ڕاست ناداته‌وه، له‌وه ده‌ترسێت هه‌ر وه‌ڵامێك بداته‌وه ببێت به هۆی كوشتنی، له‌وكاته‌دا زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی لێ ده‌دات و زه‌نگه‌كه‌ی ده‌نگی سروودی نیشتمانی عێراقه (موتنی) كه شیعری ئیبراهیم تۆفانه. ئیتر له‌وێدا چه‌كداره ئیسلامییه چیچانییه‌كه، هاووڵاتییه عێراقییه‌كه به مشاری كاره‌بایی ده‌كات به دوو كه‌رته‌وه!
لێره‌وه ئایدیای ڕۆمانه‌كه‌ی كالفینۆ ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه گێڕه‌ره‌وه كه قوربانییه، له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌ڵێت: له‌و كابرایه‌م نه‌پرسی كه به مشاری كاره‌بایی كردمی به‌دوو كه‌رته‌وه، ئایا فسكۆنتی كه‌رتبووی ئیتالۆ كالفینۆی خوێندووه‌ته‌وه یان نا؟
دوو كه‌رتبووه‌كه‌ی ڕۆمانی جوبه‌یلی بیر له‌وه ده‌كاته‌وه وه‌ك دوو كه‌رتبووه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كی كالفینۆ یه‌ك بگرنه‌وه، ببنه‌وه به یه‌ك جه‌سته، به‌ڵام یه‌كێك له‌و دوو كه‌رته ده‌ڵێت: له‌م بیابانه‌دا به‌بێ كالفینۆ چی بكه‌ین؟
به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێن به‌دوای كۆپییه‌كی ڕۆمانه‌كه‌ی كالفینۆدا و ده‌ستیان ناكه‌وێت، له‌و پێناوه‌شدا تووشی چه‌ندان مه‌ترسی گه‌وره ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت هه‌ر جارێك ده‌یانه‌وێ بچن بۆ به‌غدا یان به‌سڕه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆپییه‌كی ئه‌و ڕۆمانه په‌یدا بكه‌ن، له بازگه‌كاندا ده‌یانگرن، به‌فڕۆكه ده‌یانبه‌ن، هه‌ر جاره‌ی له سنووری وڵاتێكی دراوسێ فڕێیان ده‌ده‌نه خواره‌وه، چونكه ناسنامه‌ی عێراقییان پێ نییه.
له سه‌ره‌تا تا كۆتایی، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ڕۆمانه‌كه‌ی كالفێنۆ په‌یدا بكه‌ن، بیخوێننه‌وه، تا بزانن چۆن مرۆڤی دوو كه‌رتبوو ده‌بێته‌وه به یه‌ك، به‌ڵام ده‌ستیان ناكه‌وێت.
ئه‌و دووكه‌رته عێراقییه، ئاماژه‌یه بۆ شیعی و سوننی، ڕۆمانه‌كه‌ی كالفینۆش كه بونیادێكی گرنگی ڕۆمانه‌كه‌ی جوبه‌یلییه، ئاماژه‌یه بۆ ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگی ئیتاڵی كه خاوه‌نی ڕێنیسانسه. له دوای ڕێنیسانسه‌وه ئاین هه‌ژموونی به‌سه‌ر ژیانی گشتییه‌وه نه‌ماوه.
ئه‌م ئه‌زموونه‌ی جوبه‌یلی پێویستی به ناساندنه، چونكه ئه‌گه‌ر چیرۆكنووس و ڕۆمانووسی ئێمه ئه‌زموونێكی وا تاقی بكاته‌وه، خێرا به دزی ئه‌ده‌بی په‌لامار ده‌درێت، به‌ڵام جوبه‌یلی به‌هۆی به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌نجه، بووه به خاوه‌نی چه‌ندان خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا. لێره‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بۆ خوێنه‌رانی هه‌ردوو تێكسته‌كه جێ دێڵم، ئایا ئیتالۆ كالفینۆ له به‌سڕه‌یه؟