رامان لە جۆگەلە ئاو یان رۆیشتن بەرەو ئاراس
PM:07:39:22/01/2019
عادل قادری
(هەڵوێستەیەک لە سەر دوو شێوە تێڕامان لە هەمبەر "مەرگ": پێشەوا؛ قازی محەمەد و نەمر مستەفا بارزانیی)
شۆڕشی کوردیی لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان, پێبەندی کۆمەڵێک هاوکێشە بووە کە ئەو پارچەی کوردستانی پێوە لکێنراوە, بەڵام خواستێکی سەرووتر لە جیۆگرافیا جۆرە دیپلۆماسی و پێوەندییەکی توند یان لەرزۆکی لە نێوان پارچە جیاجیاکانی کوردستان دروست کردووە.
نموونەی مێژوویی بۆ ئەمە زۆرن, هەر لە سەردەمی شێخ عەبدوسەلامی دووەمەوە و هاتنی بەرەو ئێران و پێشوازیکردنی لەلایەن سمکۆ و سەید تەها نەهری لە گەرمەی شۆڕشەکەی سمایل ئاغای سمکۆ (1877-1930) تا هاتنی ئیحسان نووری پاشا رێبەری شۆڕشی ئارارات بۆ رۆژهەڵات، ئەگەرچی ئەم هاتن و چوون و داڵدەدان و یارمەتیدانەی رێبەران و کەسایەتییە سیاسییەکانی پارچە جیاجیاکانی کوردستان نۆرم و چوارچێوەیەکی باو و جێگیری نەبووە, بەڵام جۆرە تێکەڵی و پێکداتەنراوییەکیان تێدا هەبووە.
پاش قووڵبوونەوەی شەڕەکانی مەلا مستەفا بارزانی و دەوڵەتی ئەوکاتیی عێراق، بارزانی دێتە ناو خاکی ئێرانەوە و لەلایەن قازی محەمەد کە هەر ئەوکاتە بووبوو بە سەرۆک کۆماری کوردستان و کابینەی وەزیرانەوە، پێشوازی لە خۆی و پێشمەرگە و هاوڕێیان و بنەماڵەکەی دەکات، شتێک کە لێرەدا مەبەستمە سەرنجی بدەم دوا دیداری پێشەوا قازی محەمەد و نەمر مەلا مستەفا بارزانییە.
حەکایەتی ئەم دیدارە لە کتێبی "بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد" نووسینی مەسعوود بارزانی هاتووە. ئهگەرچی لەسەر دووی رێبەندان و دامەزراندن و رووخانی کۆماری کوردستان) 1946) قسەی زۆر کراوە، بەڵام دەق و گێڕانەوەی ئەم دیدارە ختووکەی هزر و خەیاڵی ئێمە دەدەن کە لەسەر دوو بژاردە لە هەمبەر رێگا (مەرگ یان ژیان)ی دوو کارەکتەری سیاسیی و کاریزمای مێژوویی و سیاسیی کورد بیر بکەینەوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بۆچی پێشەوا قازیی مەرگی هەڵبژارد و لەگەڵ بارزانی نەڕۆیشتووە و پێشنیارەکەی ئەوی قبووڵ نەکردووە؟ ئایا لای وا بووە حکوومەتی رەزاشا لە سێدارەی نادات؟ یان دەیزانی لە سێدارەی دەدات، بەڵام بۆ ئەوەی سوپای رەزاشا دەست بە رەشەکوژی و قڕانکردنی خەڵکی مەهاباد و کوردستان نەکەن، ئەمەی نه‌كرد؟ ئایا پێشەوا وەک کەس و رێبەرێکی سیاسیی و سەرۆک کۆمارێک بیری لەوە نەکردووه‌تەوە کە دامەزراندنی دەوڵەت و خەبات تێچوو و تیاچووی خۆی هەیە و قوربانیدان و قوربانی‌کردن لە مەرجە هەمیشە ئامادەکانی خەباتێکی مەزنی وەهان؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە پێوەستن بە تێڕوانینی رۆحی و سایکۆلۆجییەتی دوو سەرکردە و کارەکتەری کاریزمای کورد، یەکیان مەرگێکی رۆماتیک و گەلپەرستانەی هەڵبژاردووە و ئەویتریان ژیانێکی شۆڕشگێڕانە و گەلپەرستانەی هەڵبژاردووە،
شێوە تێڕوانینی رێبەرانی شٶڕشی کورد بۆ مەرگ و ژیان وەک دوو چەمک و بابەتی فەلسەفی رەنگە دیاریکەریی ماهییەتی ئەم سایکۆلۆجییەتە بێت، ئایا شتێکی بەهەڵکەوت و رێكه‌وته کە چوار رێبەری کاریزمیی کورد، سمایل ئاغای شکاک، پێشەوا قازی محەمەد، د، قاسملوو و سادیق شەرەفکەندی لە سەدەی بیستەم هەر چواریان بە کوژران و تیرۆر و لە سێدارەدان چارەنووسی شۆڕش و رێبەرایەتییەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە؟ یان نا ئەم حاڵەتانە سەرەڕای پلانی داگیرکەر دەگەڕێتەوە بۆ شێوەیەک لە تێڕوانین و قووڵبوونەوە لە هەندێ بابەتی یونیڤێرساڵی مرۆیی وەک مەرگ، ژیان، خەبات، ئازادیی، خەڵک... هتد کە لای رێبەرە کوردەکان زاڵ و باو بووە؟
ئەو دێڕانەی خوارەوە دەقی دوا دیداری پێشەوا؛ قازی محەمەد و نەمر مەلا مستەفا بارزانییە کە لە کتێبی "بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد" وەرگیراوە.
هه‌موو سه‌رۆک هۆزه‌کان دژ به کۆماری کوردستان وه‌ستابوونه‌وه و به ئه‌رته‌شی ئێرانیان راگه‌یاندبوو که خۆیان ده‌خه‌نه بنده‌ست هێزه‌کانی ئێرانه‌وه. مه‌لا مسته‌فا فه‌رمانی دابوو به هێزه‌کانی که خۆیان له به‌ره‌ی سه‌قز و سه‌رده‌شته‌وه بگه‌یه‌ننه‌وه مه‌هاباد و هه‌موو ژن و منداڵه‌کانیش بنێرنه شنۆ و نه‌غه‌ده. بارزانی، دواین دیداری خۆی له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د له به‌رواری 25/9/1352دا به‌م جۆره بۆم گێڕایه‌وه:
«رۆشتمه لای قازی و پرسیارم لێ کرد که ده‌یه‌وێ چ بکات؟ له وه‌ڵامدا گوتی: ده‌یه‌وێ خۆی بدات بە ده‌سته‌وه و ببێت به فیدای خه‌ڵکی تا خوێنێك له مه‌هاباد نه‌ڕێژرێ. هه‌روه‌ها گوتی نامه‌یه‌کم بۆ ژەنەراڵ هۆمایوونی له میاندواو ناردووه و بارودۆخی ئێره‌م پێ راگه‌یاندووه... قازی محه‌مه‌د له کاتی قسه‌کردندا، له جۆگه ئاوێک که به به‌رده‌میدا تێده‌په‌ڕی، رامابوو؛ پێی گوتم: جگه لە هێزه‌کانی خۆت متمانه‌ت به که‌س نه‌بێ و پشت به که‌س مه‌به‌سته. زۆر که‌س سوێندی ئه‌مه‌كدارییان بۆ خواردم و به‌ڵێنیان پێدام تا دواهه‌ناسه، له‌گه‌ڵمدا ده‌مێنن، که‌چی ئێستا بۆ رامووسانی پا و پێڵاوی سوپای ئێران، گره‌ویان له‌یه‌ک بردووه‌ته‌وه. ئاگاداری سه‌رۆک هۆزه‌کان به، ئه‌وان جێگای متمانه نین. داوات لێده‌که‌م که خێرا مه‌هاباد به‌جێ بێڵی، تا لێره‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌رته‌شی ئێران تووشی شه‌ڕ نه‌بی...
پاشان سه‌یری کردم و گوتی: ده‌ته‌وێ چ بکه‌ی؟ گوتم ژن و منداڵه‌کانم ناردووه‌ته شنۆ و نه‌غه‌ده و ته‌رگه‌وه‌ڕ. تا بۆم بکرێ خۆم له شه‌ڕ لا ده‌ده‌م، تا ده‌که‌وینه به‌هار. داوا له حکوومه‌تی عێراقیش ده‌که‌م که لێخۆشبوونی گشتیمان پێبدات؛ ئه‌گه‌ر به ئێمه‌شیان نه‌دا، لانیکه‌م با ژن و منداڵه‌کان بپارێزرێن. ئه‌گه‌ر واش نه‌بوو، هه‌موومان پێکه‌وه خۆمان راده‌ستی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ده‌که‌ین. نه خۆمان ده‌ده‌ینه ده‌ستی ئێران و نه ده‌ستی عێراقیش... پاشان لێی پاڕامه‌وه و داوام کرد ئه‌ویش له‌گه‌ڵمان بێت. سوێندی شه‌ره‌فم بۆ خوارد که له‌ڕێی ئه‌ودا گیانی خۆیشم به‌خت ده‌که‌م و ناهێڵم هیچ زیانێکی به‌رکه‌وێ؛ چونکه ئه‌و دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی ئێمه بوو. گوتم: منیش به تۆ ده‌ڵێم که متمانه‌ت به به‌ڵێنه‌کانی حکوومه‌تی ئێران نه‌بێ. بۆ ئێمه زۆر گرانه که یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کوردستان، بکه‌وێته ده‌ست دوژمنانه‌وه.
قازی هه‌ستا و له کاتێکدا که چاوی پڕ بوو له ئه‌سرین، له ئامێزی گرتم، ماچی کردم و گوتی: له خوا داوا ده‌که‌م که ئاگادارتان بێ و سه‌ربه‌رز و سه‌رکه‌وتوو بن، با ژیانی من له‌ڕێی هاووڵاتییانم به‌خت بێت و ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که له رق و قین و داهاتوویه‌ک که هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌کات، به دوور بن. پاشان ده‌ستی برد و له باخه‌ڵیدا ئاڵای کوردستانی ده‌رهێنا و پێی دام و گوتی: ئه‌مه ره‌مزی سه‌رکه‌وتنی کوردستانه. وه‌کوو ئه‌مانه‌تێک له گه‌ردنتی هه‌ڵواسه، بێگومان تۆ باشتر له هه‌مووان دەیپارێزی.
له که‌شوهه‌وایه‌کی پڕ له ده‌رد و حه‌سره‌تدا ماڵاوایی‌مان له یه‌ک کرد و به‌ره‌و نه‌غه‌ده که‌وتمه رێ.»