دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر بۆردمانكردنی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران، لەوانە وێستگەی فۆردۆ لە لایەن ئەمەریكا، كە كەرەستە پێشكەوتووە ئەتۆمییەكان و یۆرانیۆمە زۆر پوختكراوەكەی ئێرانی تیادا بوو، ئەمڕۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە تا ئێستە مادە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی لەژێر پاشماوەی رووخاوی بۆردمانی دامەزراوەكانن.
لە دوای هێرشەكەی ئەمەریكا هاتە بڵاوكردنەوە بەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا نەیانتوانیوە ئامانجەكانیان بە تەواوەتی بپێكن و یۆرانیۆم و ئامرازە پێشكەوتووە ئەتۆمییەكانی ئێران لەناو ببەن، هاوكات چەند راپۆرتێك باسی ئەوەیان كرد كە ئێران بەر لە هێرشەكە ئەوان بۆ شوێنی پارێزراوتر گواستەوەتەوە و ئێستەش بە یارمەتی چین و رووسیا و كۆریای باكور خەریكی بیناتنانەوەی وێستگە ئەتۆمییەكانیەتی لە شوێنی تر.
ئەمڕۆ شەموو
عێراقچی دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە مادە ئەتۆمییەكانی ئێران لەژێر پاشماوەی رووخاوی وێستگە ئەتۆمییەكانە و بۆ شوێنر تر نەگوازراونەتەوە، روونی كردەوە، ئێران بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەیە و پێشبینیی هێرشێكی ئیسرائیل دەكات، كە دوژمنی راستەقینەی تەواوی ناوچەكەیە، بۆیە لە ئێران لەسەر هەموو ئاستەكان ئامادەسازی كراوە.
دووپاتی كردەوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بكاتەوە سەر ئێران جارێكی تر دەدۆڕێت، هەر هێرشێكی تر ئەنجامی كارەساتباری بۆ تەلئەبیب دەبێت، سەبارەت بە بەرنامەی تۆمیش، ئێران ئامادەیە بۆ گفتوگۆ بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی كە ئاشتییانەیە و دەكرێ بە رێككەوتنێكی دادوەرانە بگەین، بەڵام واشنتن مەرجی قبووڵنەكراوی هەیە، هاوكات ئێران سەبارەت بە بەرنامە مووشەكییەكەی گفتوگۆ ناكات، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا ناكەین، بەڵام دەتوانین لە رێگەی گفتوگۆی ناراستەوخۆ بە رێككەوتن بگەین.