مەبەستی سەردانەكەی شەرع بۆ واشنتن ئاشكرا دەكرێت

:: PM:08:50:01/11/2025 ‌

بڕیارە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا لە ماوەی ئەم مانگە سەردانی واشنتن بكات، نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا مەبەستی سەردانەكەی شەرع ئاشكرا دەكات و دووپاتی دەكاتەوە بۆ واژووكردنی رێككەوتنی چوونە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژ بە داعش.

ئەمەریكا دەیەوێ بەر لە كۆتایی ئەمساڵ سووریا یەك بخاتەوە و حكوومەتی سووریاش ببێتە بەشێك لە هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی داعش، كە ئێستە هەسەدە ئەو رۆڵەی هەیە، ئەمڕۆ تۆم باراك نێردراوی ئەمەریكا بۆ سووریا لە بەحرێن گوتی، بڕیارە لە ماوەی ئەم مانگە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا سەردانی واشنتن بكات بۆ واژووكردنی رێككەوتنی چوونە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا.

ماڵپەڕی "ئاكسۆس" لە باراكی گواستەوە، دوای سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی شەرع بۆ واشنتن، پێنجەم گەڕی گفتوگۆكانی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و سووریا بە میانگیریی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت، كە هەوڵێكە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی تەناهی لەبارەی سنوورەكانی هەردوو وڵات تا كۆتایی ئەمساڵ، ئەوە لەوكاتەی تا ئێستە سووریا ئەندام نییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش كە لە 2014 بە دوای هێرشەكانی داعش لە عێراق و سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە هاتە دامەزراندن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل