بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگە كە دوێنێ شەو لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هاتە راگەیاندن، محەمەد شیاع سوودان وەك سەرۆكی لیستی ئیعمار و تەنمییە و نۆ لە وەزیرەكانی كابینە حكوومەتییەكەی بردوویانەتەوە و چوار وەزیری تری دەنگیان هێناوە، بەڵام سەرنەكەوتوون بۆ پەرلەمان.
بەپێی ئەنجامەكانی دوێنێ كۆمسیۆنی رای گەیاند، سوودانی 92477 دەنگی بەدەست هێناوە، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كار 14291 دەنگ و هیام عەبوود یاسری وەزیری پێوەندییەكان 10240 دەنگ و زیاد عەلی وەزیری كارەبا 17776 دەنگ و عەباس عەلیاوی وەزیری كشتوكاڵ 6171 دەنگ و مەحەمەد تەمیم وەزیری پلاندانان 37160 دەنگ و سابت عەباسی وەزیری بەرگری 19920 دەنگ.
هەروەها نەعیم عەبوودی وەزیری خوێندنی باڵا 8803 دەنگ و ئیبراهیم نامس وەزیری پەروەردە 9083 دەنگ و رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوە 9362 دەنگ، هاوكات چوار وەزیری حكوومەتی ئێستە نەیانتوانی سەركەون، ئەوانیش ئەحمەد موبەرقەع وەزیری وەرزش و لاوان و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت و ئەحمەد فەكاك وەزیری گەشتیاری و كولتوور و شوێنەوار و ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەران سەر بە بزاوی بابلییون.