11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، شەوی رابردووش ئەنجامە سەرەتاییەكان هاتنە راگەیاندن، كاردینال لویس ساكۆ سەرۆكی كڵێسای كلدانی بەو بۆنەیەوە بەیاننامەیەكی دەركرد و پیرۆزبایی لە هەموو براوەكان كرد، داوای لە كریستیانەكان كرد وەك یەك تیم كار بكەن و ئەنجوومەنێكی سەربەخۆ بۆ كریستیانەكان دامەزرێنن.
لە بەیاننامەكەی
ساكۆ داوای چەند شتێكی كرد لەوانە، دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی سەربەخۆ وەك مەرجەعیەتێكی سیاسی بۆ پێكهاتەی كریستیان بەرجەستەی دەنگی ئەوان بكات و هەڵوێستیان یەك بخات و داوای مافەكانیان بكات لە حزبەكانی كلدانی و ئاشووری و سریانی و هیتریش پێك بێت، جیا لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و چالاك و شارەزایان و راوێژكاران لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دوور لە ئەندامانی كڵێسە.
پێویستی هەبوونی نوێنەرایەتییەكی دادوەرانەی سیاسی بۆ كریستیانەكان لە رێگەی داواكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پاراستنی كۆتا و دەنگدانی راستەوخۆ بەوان، بۆ رێگرتن لە حزبە دەسترۆیشتووەكان و میلیشیاكان لە دەستگرتن بەسەر ئەو كورسییانە بۆ فرەوانكردنی دەسەڵاتیان، كاركردن بۆ گۆڕینی هەندێك یاسای ستەمكارانە لە پەرلەمان وەك یاسای باری كەسێتی بۆ ساڵی 2024 و دانانی یاسایەكی تر بۆ پاراستنی مافەكانی ژن و منداڵ و جێگیركردنی سەقامگیری بۆ خێزان و بەدی هاتنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، هەروەها لابردنی هەر دەستەواژەیەك لە سیستمی خوێندن زیان بە پێكهاتەكان بگەیەنێت.
ئەمە و جیا لە یەكخستنی ئیدارەی شارەدێكانی دەشتی نەینەوا و داوای دەركردنی میلیشیاكان وەك ئەوەی لە قووش رووی دا بۆ ئەوەی بەتنایا و تەلكێفیش بگرێتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی و رادەستكردنی پاراستنی ئاسایشیان بۆ دانیشتووانی و دامەزراندنی فەرمانبەرانی خەڵی شارۆكەكان دوور لە ململانێی حزبی و ناوچەیی.