11ی ئەم مانگە هەڵبژاردننی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و شەوی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامە سەرەتاییەكانی راگەیاند، ئێستە كۆمسیۆن لە قۆناغی وەرگرتنی سكاڵاكاندایە و دەڵێت، تا ئێستە سكاڵاكان لەسەر دەنگدانی تایبەت و گشتی كەمن و كار لە ئەنجامی راگەندراوی هەڵبژاردن ناكات.
دادوەر عامر حوسێنی سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەڵێت، كۆمسیۆن دەستی بە وەرگرتن و پۆلێنكردنی سكاڵاكانی پێوەندیدار بە دەنگدانی تایبەت كردووە و ژمارەیان كەم بوو، سكاڵاكان بۆ سێ رەنگ پۆلێن كراون زەرد، واتە بێ بەڵگەن و رەت دەكرێنەوە و سەوز، پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی ئیداری هەیە، بەڵام كار لە ئەنجامەكان ناكەن و سوور، ئەگەری هەیە كار لە ئەنجامەكان بكەن.
حوسێنی روونی كردەوە، پۆلێنی سكاڵاكانی پێوەندیدار بە دەنگدانی تایبەت هیچ سكاڵایەكی سووری تیادا نییە، ئێستە كۆمسیۆن خەریكی پۆلێنكردنی سكاڵاكانی رۆژی دەنگدانی گشتییە و ئەوڕۆش دوا رۆژ بوو بۆ وەرگرتنیان، تا ئێستە ژماردنیان بۆ نەكراوە، بەڵام ئەوانیش كەمن.
ئەمڕۆ پێنجشەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند كە 101 سكاڵای لەسەر هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بەدەست گەیشتووە، 44یان تایبەتن بە دەنگدانی تایبەت و 57یش بە دەنگدانی گشتی، تا ئێستە سكاڵاكان لە لایەن لیجنەی تایبەت لە قۆناغی پۆلێنكردنن.