11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بە بەشداری ملیۆنان دەنگدەر بەڕێوە چوو، شەوی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی سەرەتایی پرۆسەكەی راگەیاند و ئەمڕۆش گوتی سكاڵاكانی تۆمار كراون گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان ناكەن، شارەزایەكی یاسایی وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق ئاشكرا دەكات.
میری كازم سەرۆكی لیجنەی عەمیدانی كۆلێجەكانی یاسا لە عێراق ئاماژەی كرد كە پەرلەمانی نوێی بەم دواییە هاتووەتە هەڵبژاردن، ناتوانێت تا رۆژی 9ی كانوونی دووەمی 2026 كۆ ببێتەوە، واتە ناتوانێت بەهیچ شێوەیەك پێش كۆتاهاتنی تەمەنی ئەم خولەی ئێستەی پەرلەمان دانیشتن بكات، كە لە 9ی كانوونی دووەمی 2026 كۆتایی دێت، پەرلەمانی نوێ لە دوای ئەو بەروارە دانیشتن ساز دەكات.
روونی كردەوە، جیا لەوە فەرمانی كۆماری بە بانگەشەكردن بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر ئەنجامەكان دەردەچێت، كە ئەویش بە وادەیەكی دیاریكراو لەوبارەوە پابەند نییە، دووپاتی كردەوە، بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، قەوارە سیاسییەكان و كاندیدان دەتوانن لە ماوەی سێ رۆژ لە دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكان تانە لە ئەنجامەكان بدەن.
ئاماژەی كرد كە بەپێی دەستوور سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 رۆژ لە پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، داوای سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەكات، كە بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوە دەچێت.