11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بە بەشداریی ملیۆنان دەنگدەر بەڕێوە چوو، شەوی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی سەرەتایی پرۆسەكەی راگەیاند و ئەمڕۆش گوتی سكاڵاكانی تۆمار كراون گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان ناكەن، هەر ئەمڕۆ كۆمسیۆنەكە دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە لە هەفتەی داهاتوو بێتە راگەیاندن.
جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، ئێستە كۆمسیۆن سەرقاڵی چارەسەركردنی پرسی ئەو وێستگانەیە كە ئەنجامەكانیان رەوانە نەكردووە، ئەنجامەكان دەخرێنە سەر ناوەندەكانی تۆماركردن و حسێب دەكرێن، ئەوەش وەك ئامادەسازی بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و ئەو كارەش هاوكاتە لەگەڵ یەكلاكردنەوەی سكاڵاكانی تۆمار كراون.
روونی كردەوە، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دەكەوێتە دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، كە رەنگە هەفتەی داهاتوو بێت، دووپاتی كردەوە كە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمسیارانە، هاوكات هەموو بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران مایەی تانەلێدانن لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان، ئەوەش لە ماوەی سێ رۆژ لە بڵاوكردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی.
غەلای دووپاتی كردەوە، دوای یەكلابوونەوەی قۆناغی تانەكان، كە حەوت رۆژە بۆ كۆمسیۆن و 10 رۆژیش بۆ دەستەی دادوەری، دەگەین بە كۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەموو دەنگەكان دەخرێنە ناو بەرنامەیەكی تایبەت بۆ حسێبكردنی بە شێوەی سانتلیگۆ بۆ دیاریكریكردن كورسییەكانی پەرلەمانی، ئەوكات كۆمسیۆن ژمارەی كوردسییەكان رادەگەیەنێت، ژمارەی كورسییەكان بەپێی بەرنامەیەكی تایبەت حسێب دەكرێت، واتە دەنگەكان دەخرێنە ناو بەرنامە تایبەتەكە و ئەویش كورسییەكانی هەر پارێزگایەك بە جیا و بە شێوەیەكی زۆر ورد دیاری دەكات.