مایكڵ ڕێگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە عێراق و سەردانی هەولێر دەكات

:: PM:12:13:01/12/2025 ‌
كەمێك پێش ئێستە مایكڵ ڕێگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە عێراق و دواتر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، گەورەترین كونسوڵگەی وڵاتەكەی لە هەولێر دەكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی كانوونی یەكەم، مایكڵ ڕێگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە عێراق و دواتر سەردانی هەولێر دەكات.

رێگاس لە سەردانەكەیدا گەورەترین كونسوڵگەی وڵاتەكەی لەسەر ئاستی دنیا لە هەولێر  دەكاتەوە، ئەوەیش دەستپێكی پێوەندییەكی نوێی نێوان هەولێر و واشنتنە.

كونسوڵگە نوێیەكەی ئەمەریكا بڕی 800 ملیۆن دۆلاری تێچووە لەسەر رووبەری 52 دۆنم زەوییە. دواین جار پلانی كردنەوەی دانرا، پێداچوونەوە بە كونسوڵگەكەدا كرا تا جێگەی زیاتری كارمەندانی تێدا بێتەوە، ئەمەریكا بەكردنەوەی كونسوڵگەیەكی وا لە كوردستان، دەریدەخات دەیەوێت بەقەبارەیەكی گەورەتر لە هەرێمدا كار بكات و پێوەندییەكانی فراوانتر بكات.

رۆژی چوارشەم 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كردنەوەی گەورەترین كۆنسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر، ئاماژەیەكی ڕوونە لەسەر ئەو پێوەندییە باشەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكادا هەیە.



وشە - رامیار جەواد