دوای ئەوەی یەكەم قۆناغی رێككەوتنی ئاگربەستی غەزە بە سەركەوتووی بەڕێوە چوو و تەواوی بارمتە و دیلەكانی ئیسرائیل و حەماس ئاڵوگۆڕ كران، بڕیارە قۆناغی دووەمی رێككەوتنەكە بەڕێوە بچێت، كە لە چەند خاڵێك پێك هاتووە و هێشتا بە وردی رانەگەیەندراوە.
لەو ناوەدا ئیدارەی ئەمەریكا بە نیازە شێوازی فەرمانڕەوایەتیی غەزە لە دوای قۆناغی شەڕ و یەكەم قۆناغی ئاگربەست رابگەیەنێت، لەو فەرمانڕەوایەتییەدا هەریەك لە گارید كۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ستیڤ ویتكۆف و تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا رۆڵی گەورەیان دەبێت، ئەوان دەبنە ئەنجوومەنی جێبەجێكاری غەزە و لەژێر سەرپەرشتیی "ئەنجوومەنی ئاشتی"، بە سەرۆكایەتیی ترەمپ كار دەكەن، لە چوارچێوەی پلانێكی ئەمەریكی كە بەر لە سەری ساڵ دێتە راگەیاندن.
وەك رۆژنامەی
"تەلەگراف"، ئاماژەی بۆ كرد، لیژنە جێبەجێكارەكە سەرپەرشتیی لیژنەیەكی 12 بۆ 15 كەسی تەكنۆكراتی فەلەستینی دەكات كە پێوەندییان بە حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینییەوە نییە، هەرچی ئەنجوومەنی ئاشتییە كە ترەمپ سەرۆكایەتی دەكات، لە ژمارەیەك كەسایەتیی باڵای نێودەوڵەتی پێك دێت لەوانە سەرۆك و سەركردە عەرەب و ئەوروپییەكان، بڕیاریشە بەمنزیكانە ترەمپ وردەكاریی دووەم قۆناغی پلانەكەی بۆ غەزە ئاشكرا بكات كە میكانیزمی فەرمانڕەوایەتی نوێ و پێكهاتەی تەناهی و بۆ ئیدارەدانی كەرتەكە لەخۆ دەگرێت لە دوای كۆتاهاتنی دەسەڵاتی حەماس.
بەرپرسێكی رۆژئاوایی بە ماڵپەڕی "ئەكسیۆس"ی گوت، پلانەكە بەباشی بەڕێوە دەچێت و بەمنزیكانە دێتە راگەیاندن، بەڵام بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئاخۆ حەماس ئامادەیە دەستبەرداری چەك ببێت و رێگە بە دەسەڵاتی نوێ دەدات بێ دەستوەردان كارەكانی بەڕێوە ببات، هاوكات گفتوگۆیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی نێودەوڵەتی هەیە كە لە كەرتی غەزە بڵاو دەكرێتەوە.