گەنجان دەبنە "بۆمبی تەوقیتکراو" یەک ملیۆن دەرچوو لە عێراق بێکارن

:: PM:02:54:20/02/2026 ‌
هۆشدارییەکان لەبارەی بێکاری لە عێراق زیاد بوون و مەترسیی ئەوە دەکرێت گەنجان ببنە "بۆمبێکی تەوقیتکراو"، چونکە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن قوتابی لە زانکۆکان دەردەچن و بازاڕی کاریش توانای وەرگرتنیانی نییە.

لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی تر، سەتان دەرچوو ڕژانە سەر شەقام و داوای دامەزراندن دەکەن. یەکێک لە خۆپێشاندەران دەڵێت، حەوت ساڵە دەرچووە و هێشتا بێکارە، ئەمەش وای کردووە هەست بکات ساڵانی خوێندنی بە فیڕۆ ڕۆیشتووە.

موزەر کەرەوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ساڵانە ژمارەی دەرچووان لەگەڵ ئەوانەی لە دەرەوە دەخوێنن دەگاتە یەک ملیۆن کەس.

ئامارەکانی پلاندانان چی دەڵێن؟
عەبدولزەهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، ڕای گەیاندووە، ڕێژەی بێکاری بۆ 13% دابەزیوە، بەڵام لە نێو گەنجاندا ڕێژەکە بەرزترە و دەگاتە 20%.

لە بەرانبەردا، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیران، ددان بەوەدا دەنێت کە کەمکردنەوەی بێکاری تەنیا بە دامەزراندنی کاتی چارەسەر ناکرێت و پێویستی بە پلانێکی درێژخایەن هەیە.

ئابوورییەک کە پشت بە نەوت دەبەستێت
بەپێی قسەی شارەزایان، کەرتی نەوت 50%ی بەرهەمی ناوخۆ و90%ی داهاتی بودجە پێک دەهێنێت، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەم هەلی کار دەڕەخسێنێت، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە.

هیلال ته‌عان شارەزای ئابووری هۆشداری دەدات "گەنجان چەکی دوو سەرن ئەگەر پشتگوێ بخرێن دەبنە سەرچاوەی مەترسی و هەژاری و پەنا بۆ گرووپی توندڕەو دەبەن.

کەرتی تایبەت ئیفلیج بووە
محەمەد حەسەنی شارەزای دارایی دەڵێت، دامەزراوە حكوومییەکان پڕ بوون لە فەرمانبەر و کەرتی تایبەتیش بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە تووشی پووکانەوە بووە و ناتوانێت دەستی کار وەربگرێت، بۆیە گەنجان لەبەردەم "داخستنی دەرگاکان"دان.

جێی باسە، ماڵپەڕی "Trading Economics" عێراقی خستووەتە لیستی 10 وڵاتی عەرەبی کە بەرزترین ڕێژەی بێکارییان هەیە لە ساڵی 2025دا.



وشە - پۆڵا مەحموود