رۆژنامه‌ى یه‌دیعوت ئه‌حرونوتى ئیسرائیلى ئاشكراى ده‌كات ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بۆ لێدانى ئێران 390 فڕۆكه‌ى جه‌نگیان ئاماده كردووه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 20ى شوبات رۆژنامه‌ى یه‌دیعوت ئه‌حرونوت ئاشكراى كردووه، هاوئاهه‌نگییه‌كى گه‌وره له نێوان ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌یه بۆ لێدانى ئێران، له‌وانه به یه‌كه‌وه 390 فڕۆكه‌ى جه‌نگیان ئاماده كردووه، بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكى دژ به ئێران.
رۆژنامه ئیسرائیلییه‌كه ده‌شڵێ، "ئه‌گه‌ر شه‌ڕ رووبدات ئه‌وا بانكى ئامانجه‌كان له‌ناو ئێرانه‌وه دیارى كراون".
هه‌ر ئه‌مڕۆ كه‌ناڵى 12ى ئیسرائیل لێدوانى به‌رپرسێكى ئیسرائیلى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ، "هیوادارین ئه‌مه‌ریكا له دانوستاندن هیچ سازیشێك بۆ ئێران نه‌كات". هاوكات گوته‌بێژى سوپاى ئیسرائیل راى گه‌یاند، سوپا له‌وپه‌ڕى ئاماده‌باشیدایه و چاودێرى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه ده‌كات.