پاتریارك لویس روفائیل ساكۆ سەرۆكی كڵێسای كلدانی كاسۆلیكی لە عێراق و جیهان دەستی لە كار كێشایەوە و رای گەیاند، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی بە ئیرادەی خۆی بووە و هیچ كەسێك داوای لێ نەكردووە و بە تەواوی ئازادی خۆیەوە بڕیارەكەی داوە.
ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئادار، ساكۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، بڕیاریداوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی پاپا لاونی چواردە كرد ئەویش قبوڵی كردووە. باسی لەوە كردووە كە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە كە تەمەنی بووە بە 75 ساڵ، بیری لە دەستلەكاركێشانەوە كردووەتەوە و لەگەڵ پاپای كۆچكردوو "فرانسیس" ئەو بابەتەیان تاوتوێ كردووە، بەڵام ئەو هانیداوە لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
هەروەها دووپات دەكاتەوە كە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی بە ئیرادەی خۆی بووە و هیچ كەسێك داوای لێ نەكردووە و بە تەواوی ئازادی خۆیەوە بڕیارەكەی داوە، ئەو لە بارودۆخێكی زۆر سەخت و ئاڵنگاری گەورەدا سەركردایەتی كڵێسای كلدانی كردووە و بە درێژایی ساڵانی خزمەتكردنی پابەند بووە بە پاراستنی یەكێتیی دامەزراوەكانی كڵێساو بەرگریكردن لە مافی عێراقییەكان و مەسیحییەكان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات.
ئەو سەروەت و سامانەكەیشی ئاشكرا كردووە كە وەك خۆی دەڵێ، خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێل نییە، هەروەها پاشەكەوتەكانی سنوردارە بە نزیكەی 40 ملیۆن دیناری عێراقی و پێنج هەزار دۆلار و پێنج هەزار یۆرۆی مووچەكانی لە ماوەی 52 ساڵی خزمەتی قەشەیی، ئەمە لەپاڵ پشكی خۆی لە فرۆشتنی خانووی خێزانەكەی لە مووسڵ، بەڵام سامانی راستەقینەی ئەو بریتییە لە خزمەتەكەی و 45 كتێب كە دەریكردوون.