چەندان بنكەی چەكدارانی حەشد و گرووپە چەكدارەكان كرانە ئامانج

:: PM:12:38:12/03/2026 ‌
لەچەندین لاوە، بنكەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كرانە ئامانج و بەهۆی بۆردمانەكانیشەوە دەیان كەسیان لێ‌ كوژراوە و بریندار بوون. 

تەنیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار، بەهۆی هێرشی فڕۆكەیەكی جەنگییەوە بۆ سەر بنكەیەكی حەشدی شەعبی لە ئەنبار دەیان كەس كوژران و برینداربوون.

بە گوێرەی ئەوەی بڵاو كراوەتەوە، هێرشەكە لەسەر لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عوكاشات لە سنووری پارێزگای ئەنبار بووە كە ئەو لیوایە بە گرووپی "ئەنسارەڵڵا ئەلئەوفیا" ناسراون.

هاوكات هەژار رەشید پەیامنێری "وشە" لە كەركووك، پێی راگەیاندین، هێرش كراوەتە سەر فەوجی هێزی تایبەتیی حەشدی شەعبی كە بارەگاكەیان لە ئەمیندارێتیی حەشدی شەعبی لە پشت زانكۆی ئیمام جەعفەری سادقە و لە ئەنجامی هێرشەكەدا چوار ئەندامی حەشدی شەعبی كوژران و شەشی تریش بریندار بوون.

هێرشی سەر گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە كاتێكدایە كە ئەوانە چەكداری لەیاسا لادەرن و ئامانجیان تێكدانی سەقامگیری ناوچەكەیە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم