كونسوڵی ئێران لە هەولێر دووپات دەكاتەوە كە خیانەتی نێودەوڵەتییان لێ كراوە، چونكە لە كاتی دانوستانەكاندا هێرشیان كراوەتە سەر و ئەوەیش بووەتە هۆی سەپاندنی شەڕ بەسەریاندا.
فەرامەرز ئەسەدی كونسوڵی ئێران لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام داو گوتی، خیانەتی نێودەوڵەتییان لێ كراوە و هەموو هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەكان بەزێنراون، بەتایبەت كاتێك لە كۆتاییەكانی دانیشتن لەگەڵ ئەمەریكا لێكنزیكبوونەوە هەبووە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سەرەتا ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرشیان كردووەتە سەر وڵاتەكەی و شەڕیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەرنا خوازیاری شەڕ نەبوون و بە هەموو توانایەك بەرگری لە خۆیان دەكەن.
" ئەم جەنگەی ئێستەی دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنیا لە دژی ئێمە نییە، بەڵكوو لە دژی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دانوستانە نێودەوڵەتییەكانە" كونسوڵی ئێران وای گوت.
هەروەها سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە یەكەم رۆژ بۆردمانەكە قوتابخانەیەكی منداڵان بۆردمان كراوە و بەوهۆیەوە زیاتر لە 100 قوتابی كوژراون. ئەوپێی وایە كە ئەم رووداوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تەنانەت لەنێوخۆی ئەمەریكاشدا دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەكی زۆری لێكەوتەوە.