ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی له زاری به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌یه‌وه بڵاوی كرده‌وه، كه ئێران ڕازی بووه ده‌سبه‌رداری كۆگه‌ی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رزی خۆی ببێت، كه ڕه‌گه‌زێكی گرنگی دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمییه و یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م نه‌گه‌یشتنی هه‌ردوو وڵات بوو به ڕێككه‌وتن، به‌ڵام دوای ڕازیبوونی كۆتایی جه‌نگ و كردنه‌وه‌ی گه‌رووی هورمز نزیكه.
ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی
ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ده‌سبه‌رداربوونی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران تا ئێسته به وردی یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام تاران به‌وه ڕازی بووه و له گه‌ڕه‌كانی تری دانوستانی تایبه‌ت به به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران ئه‌مه یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌گه‌ر ئێران به‌یاننامه‌یه‌كی گشتی ده‌ربكات و تێیدا دووپات له‌سه‌ر ده‌سبه‌رداربوون له یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست به‌رز بهێنێت، ئه‌وه ده‌بێته هه‌نگاوێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكان و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن، به تایبه‌ت به‌هۆی ترسی حكوومه‌تی تره‌مپ له به‌رهه‌ڵستنی كۆمارییه‌كان له نێو كۆنگرێس دا.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، سه‌ره‌تا ئێران ڕه‌تی ده‌كرده‌وه كه دۆسیه‌ی به‌رنامه‌ی ناوكی بخاته نێو گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستانه‌كانی ڕێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان كرد و دووپاتیان كرده‌وه له دانوستانه‌كان ده‌كشێنه‌وه و ده‌ست به هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر گه‌ره‌نتی باسكردنی ئه‌و خاڵه نه‌كرێت.