هومام حەموودی: یاسایەكی نوێ بۆ حەشدی شەعبی دەردەكرێت

:: AM:09:17:24/05/2026 ‌

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق هومام حەموودی، لە كۆڕبەندێكدا لە بەغدا ئاشكرای كرد، ئێستە تاوتوێی پلانێك بۆ گۆڕینی حەشدی شەعبی بۆ دامەزراوەیەكی پاك و بەهێز لە ڕێگەی دەركردنی یاسایەكی تر دەكەین، كە لەو ڕێگەیەوە بە تەواوی كارەكانی ڕێك دەخرێ و كۆنترۆڵ دەكرێت.

حەموودی كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەكان لە عێراق كە پێكهێنەری سەرەكی حكوومەتن، لە كۆڕبەندێكدا لە بەغدا دووپاتی لەوە كردووە، حەشدی شەعبی گەرەنتی ئاسایشی عێراق دەكات و ڕوانینێك هەیە كە بۆ دامەزراوەیەكی سەربازی پاك و بێ كێشە بگۆڕێت، ئەمەیش بە دەركردنی یاسایەك دەكرێت كە لەو ڕێگەیەوە كاروبارەكانی ڕێك دەخرێن و كۆنترۆڵ دەكرێن، تەواوی وردەكاریی ئەو دامەزراوە سەربازییە لە یاساكە ڕوون دەكرێتەوە.

لەبارەی ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق گوتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەكگرتووە و بە بەهێزیش دەست بەوە دەگرێت، هۆشداریی بە هاوپەیمانییەكانی دەرەوە و ناوخۆی هێزەكان دا كە بە هیچ شێوەیەك ڕێ بە هیچ هاوپەیمانییەك نادەن دەستوەردان لە بڕیار و كاروبارەكانیان بدات، ئەوەیشی وا دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، بەشداربوونی هەمووانە لە دروستكردنی بڕیار، بەڵام ئێستە لە بەردەم ئاڵنگاریی گەورەداین بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د