فۆزا یوسف: هەڵبژاردنی رۆژئاوای كوردستان شەرعییەتی نییە و پلانێكی ترە

:: PM:01:49:24/05/2026 ‌
فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە، زانیاریی گرنگی لەبارەی هەڵبژاردن لە حەسەكە ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، یاسایەكی نایاسایی دژی كورد جێبەجێ كرا و پێشوەختە كەسانێك دیاری كراون، هەڵبژاردن تەنیا بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو كردەوەیەیە و پێچەوانەی دیموكراسییە.

لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێكس، فۆزا یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پارتی یەكێتیی دیموكراتیك (پەیەدە)، پەیامێكی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن كە لە حەسەكە بەڕێوە چوو، بڵاو كردەوە.

لە دەقی پەیامەكەی فۆزا یوسف هاتووە، ئەمڕۆ كەسانێك بۆ نوێنەرایەتیكردنی گەلی كورد لە پەرلەمانی سووریا دادەمەزرێنرێن (دیاری دەكرێن). بەڵام جارێكی تر یاسایەكی نائاسایی دژی كورد جێبەجێ دەكرێت، بەجۆرێك كە ئەو كەسانە پێشوەختە دیاری كراون و دانانی سندووقەكانی دەنگدانیش تەنیا بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم دامەزراندنانەیە. ئەمەش بەو مانایەیە كە سیاسەتی پەراوێزخستنی ئیرادەی گەلی كورد هێشتا بەردەوامە.

گوتی، هیوایەك هەبوو كە نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێكهاتەكانی جزیرە لە پەرلەمانی سووریادا هەبێت، بەڵام بەداخەوە پێشوەختە كەسانێك لە پێكهاتەی كوردی و عەرەبی دیاری كران و گەلی سریانی-ئاشووری، ئەرمەنی و پێكهاتەی كوردی ئێزیدی بە تەواوی بێبەش كران. ئەمەش دۆخێكە كە تەواو پێچەوانەی دیموكراسی و ئەو نوێنەرایەتییە دادپەروەرانەیەیە كە ئێمە وەك سوورییەك هیوای بۆ دەخوازین.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمانی سووریا) لە پارێزگای حەسەكە و كۆبانێ بۆ هەڵبژاردنی نۆ ئەندام دەستی پێ كرد، بەڵام لایەنە كوردییەكان پێشتر ڕەتیان كردەوە بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا بكەن و ئاماژەیان بەوە دا، ڕێژەی كورد لە سووریا كەمتر نییە لە ٢٠٪، بۆیە دەبێت ژمارەی كورسییەكانی كوردیش زیاتر بێت لە ٤٠ كورسی، بەڵام ئێستە تەنیا چوار كورسی بۆ كورد دانراوە.



وشە - سۆران عەزیز