سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاشكرای دەكەن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵی داوە لەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئێرانی واژوو دەكات، بینامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیران دڵنیا بكاتەوە، كەچی نەتەنیاهۆ گوتوویەتی، "ئێمە سەربەستانە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەكان دەكەین لە هەموو بەرەكانەوە".
ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئایار، سەرچاوەكان بە
كەناڵی 12ی ئیسرائیلیان راگەیاندووە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاتی گفتوگۆكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە، لەوەی ئیسرائیل سەربەستە لە كاركردن دژی هەڕەشەكان لە هەموو گۆڕەپانەكان بە لبنانیشەوە، سەرۆكی ئەمەریكایش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستە دووپات كردووەتەوە.
بۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ترەمپ باسی لەوە كردووە، سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و دەرخستنی یۆرانیۆمی پیتێنراو. هەوڵیشی داوە نەتەنیاهۆ لەم دوو خاڵە دڵنیا بكاتەوە.
لە دوێنێوە میدیای ئەمەریكا و ئێران باس لە رێككەوتنێكی چاوەڕوانكراو دەكەن كە لە نێوان ئەم دوو وڵاتە واژوو دەكرێت.