هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران دەكرێت.. لە كورد و سوننەش كاندید هەن

:: PM:03:01:24/05/2026 ‌
بڕیارە بەمزووانە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران بەڕێوە بچێت، كوردێك و سوننەیەك خۆیان بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كاندید كردووە.

كێبەركێیەكی توند لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و كاندیدەكان هەیە بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكانی سەرۆكایەتی، جێگرانی سەرۆك، سكرتێرەكان و چاودێرانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران.

 بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هەریەكە لە محەمەد باقر قالیباف و عوسمان سالاری كاندیدن، بەپێی زانیاری میدیاكان  قالیباف چانسی زیاترە.

 میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە بۆ پۆستی جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، حەوت كاندید كێبەركێ دەكەن كە پێكهاتوون لە حوسێن عەلی حاجی دەلیگانی، حەمیدڕەزا حاجی بابایی، عەلی نیكزاد، عەبدولڕەزا میسری (پەرلەمانتار لە بازنەی كرماشان)، پەیمان فەلسەفی، عەلیڕەزا مونادی و ڕەزا جەباری. 

بۆ پۆستی سكرتێرەكانی دەستەی سەرۆكایەتی نزیكەی 24 كەس ناوی خۆیان تۆمار كردووە، بۆ پۆستی چاودێرانیش 10 كەس خۆیان كاندید كردووە.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە 12 ئەندام پێكدێت كە بریتین لە سەرۆكێك، دوو جێگر، سێ چاودێر و شەش سكرتێر. سەرەڕای ڕاگەیاندنی ناوی كاندیدەكان، بەهۆی گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی كەشی هەڵبژاردنەكەوە، تا ساتی دەنگدانەكان ناتوانرێ پێكهاتەی كۆتایی دەستەی سەرۆكایەتی بە تەواوەتی پێشبینی بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز