دەم پارتی سەركۆنەی چوونە ناوەوەی هێزەكانی پۆلیس بۆ ناو بارەگای سەرەكیی پارتی كۆماریی گەل "جەهەپە" دەكات و ڕای دەگەیەنێت، پێداگریی لەسەر ئەم ڕێبازە سەركوتكارییانەیە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نییە.
لە ئەنكەرە باڵەخانەی ناوەندی گشتیی جەهەپە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ دراوە، پۆلیس بە بەربەست و زرێپۆش ڕێگەی هاتوچۆی داخستووە و خەڵك لە بەردەم باڵەخانەكە كۆبوونەتەوە.
دوای بڕیارەكان لەبارەی 38ـەمین كۆنگرەی ئاسایی جەهەپە، دوای ئەوەی سەرۆكی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل و پەرلەمانتاران و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی جەهەپە ڕایان گەیاند، باڵەخانەی ناوەندەكە جێناهێڵن، جەماوەر لە بەردەم باڵەخانەی پارتەكە لە ئەنكەرە كۆبوونەتەوە و دروشمی "نا بۆ قەیوم" دەڵێنەوە.
لە دوای داواكارییەكەی سەرۆكی پێشووی جەهەپە كەمال كلچدارئۆغڵو لە پارێزگای ئەنكەرە، لە دەوری باڵەخانەی ناوەندی گشتیی جەهەپە ڕێوشوێنی تەناهیی بەرفراوان گیرایەبەر.
تیمەكانی پۆلیس بە دانانی بەربەست و زرێپۆش، باڵەخانەكەیان گەمارۆ دا، ڕێگەی هاتوچۆكردنی باڵەخانەكە داخرا.
لەمبارەیەوە دەم پارتی كە نوێنەرایەتیی كورد لە توركیا دەكات، لە ڕاگەیەنراوێكدا دژایەتیی خۆی بۆ دەستێوەردانی پۆلیس بە فەرمانی پارێزگاری بۆ سەر بارەگای جەهەپە و دەركردنی بەرپرسانی پارتەكە، پەرلەمانتاران و هاووڵاتییان دەربڕی ڕای گەیاند: "لە كاتێكدا توركیا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە بەهێزكردنی پرەنسیپە یاساییە دیموكراتییەكان، بەرفراوانكردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و هێنانەكایەی كەشێكی كراوە بۆ سیاسەتی دیموكراتی هەیە، پێداگریی لەسەر ئەم جۆرە ڕێبازە سەركوتكارییانە جێگەی قبووڵكردن نییە".
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: "وەك دەم پارتی، چۆن لە ڕابردوودا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێك بووین لە سیاسەتی دیموكراتیدا، ئەمڕۆش بە هەمانشێوە لە دژی دەوەستینەوە".
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەیدا، دەم پارتی داوا لە بەرپرسانی جەهەپە و لایەنگرانی ئەو پارتە دەكات، كێشە و ئاڵۆزییەكانی ئێستە لە ڕێگەی "دیالۆگێكی عاقڵانە و سازانەوە" چارەسەر بكەن.