هۆكاری سەرەكیی هەردوو هەڵمەتە سەربازییەكەی هاوینی رابردوو و زستانی ئەمساڵی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ بوو كە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران ببێتە سفر و وێستگە ئەتۆمی و ئامێرە پێشكەوتووەكانی لێك هەڵوەشێتەوە و دەست بەسەر یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی بگیرێت، كەچی وا رێككەوتن نزیك بووەتەوە و هیچ لەوانە نەهاتووەتە دی، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەر رێككەوتنێك مەترسیی ئەتۆمیی ئێران بەتەواوەتی نەهێڵێت.
ئەمڕۆ یەكشەم
بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وا رێككەوتووین كە رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ ئێران بەتەواوەتی مەترسیی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە نەهێڵێت، ئەوەش لێكهەڵوەشانەوەی دامەزراوەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی لە ئێران دەگرێتەوە.
ئاماژەی كرد، جارێكی تر ترەمپ دووپاتی كردووەتەوە بەوەی ئیسرائیل مافی بەرگریكردنی لە خۆی بەرانبەر بە هەڕەشەكانی ئێران لە هەموو بەرەكان هەیە، لەوانە لە لبنان، بەهێزیی هاوبەشیی هەردوو وڵات لە گۆڕەپانی شەڕ بەدیار كەوت و هیچ رۆژێك وەك ئەمڕۆ بەهێز نەبووە، سیاسەتی من هاوشێوەی سیاسەتی سەرۆك ترەمپە و نەگۆڕاوە، نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
نەتنیاهۆ زیاتر گوتی، شەوی رابردوو لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە یاداشتی لێكگەیشتن و كردنەوەی گەرووی هورمز و دانوستانی چاوەڕوانكراو بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران قسەم كرد، پابەندبوونی سەرۆك ترەمپ بە ئاسایشی ئیسرائیل جێی رێزە.