لە دوێنێوە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە بەغدایە و چاوی بە بەرپرسانی باڵای سیاسی و حكوومەتیی عێراق كەوتووە، چەندان دیداری گرنگی ساز كردووە و لە نزیكەوە چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق باس كردووە، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە هەردوو سەرۆك حكوومەت لە چارەسەركردنی كێشە و دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان رژدن.
مەهدی عەبدولكەریم توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، سەردانەكەی مەسوور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا بۆ پیرۆزباییكردنە لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، جیا لەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند دۆسیەیەكی هەڵپەسێردراو لەوانە مووچە و پێشمەرگە و دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق.
زیاتر گوتی، كۆكییەك لەبارەی باسكردنی ئەو بابەتانە هەیە، هەردوو سەرۆك وەزیران رژدن لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و بەردەوامنەبوونیان، چونكە زیان بە بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێم دەگەیەنن، ئەگەری هەیە لە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران، میكانیزمێكی نوێ پێڕەو بكرێت كە پشت بە بەردەوامبوونی گەیشتنی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە بەرانبەر بە خەرجكردنی مووچەی هەرێم بە شێوەیەكی بەردەوام.
سەبارەت بە پێشمەرگە عەبدولكەریم گوتی، بیرۆكەیەك لای حكوومەتی فیدراڵی و ئەمەریكا هەیە پێوەست بە یەكخستنی هێزەكان یان دامەزراندنی وەزارەتێكی نوێ بۆ دەزگە تەناهی و سەربازییەكان و حەشدی شەعبی، بەڵام پێم وا نییە پێشمەرگە لەناو پلانەكەدا بێت، بەو پێیەی هێزێكی نیشتمانییە و پێوەندی بە بواری بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی و پاسەوانیی سنوورەكانەوە هەیە.