عێراق.. دوای جەژن داماڵینی چەك دەست پێ دەكات

:: PM:08:28:24/05/2026 ‌

یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بریتییە لە داماڵینی چەك و هێشتنەوەیەتی بە دەستی دەوڵەت، واتە یەكێك لە ئەركەكانی حكوومەتی نوێی عێراق، كە شارەزایان پێیان وایە دەبێتە پێوەری سەرەكیی مامەڵكردنی ئەمەریكا و وڵاتان لەگەڵی، چارەسەركردنی بابەتی میلیشیاكان و حەشدی شەعبییە، كە چەند پێشنیازێك بۆ ئەو بابەتە هەیە، بە گشتی سەرچاوەیەك دەڵێت، دوای جەژن ئەو بابەتە دەست پێ دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگەداری حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە ژمارەیەك لە هێزە سیاسی و میلیشیاكان لە بابەتی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت نەرمییان نواندووە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر پێداگر بوون، بۆیە بڕیارە دوای جەژنی قوربان پرۆسەی رادەستكردنی چەك لە چوارچێوەی كات و میكانیزمێكی دیاریكراو دەست پێ بكات.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، زۆرینەی هێز و میلیشیاكان كە پێشتر راەستكردنی چەكەكانیان رەت دەكردەوە، ئێستە جۆرێك نەرمیان لە گفتوگۆكان لەبارەی دۆزینەوەی میكانینزمێك بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان بۆ حكوومەت بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران نواندووە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت پرۆسەی رادەستكردنی چەكی ئەوان لە دوای تەواوبوونی كابینەی حكوومەتی نوێ لە دەوای پشووەكانی جەژن دەست پێ بكات.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، رەتكردنەوەی بەشێك لە میلیشیاكان بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان زۆر بەردەوام نابێت، چونكە پەیامەكانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە دوایین سەردانی بۆ بەغدا باسی گرنگیی بەیاساییكردنی چەكی بەرەی موقاوەمە و یەكخستنی ئەندامانی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییە تەناهییەكان كردووە، بەهۆی نەمانی پێویستی بە چەكەكانیان، بۆیە لە دوای جەژن دوای تەواوبوونی كابینەی حكوومەتی نوێ، پرۆسەی داماڵینی چەك بە فەرمی و بە سەرپەرشتیی حكوومەت دەست پێ دەكات و ئەوان لە گرووپی چەكدارییەوە بۆ سیاسی دەگۆڕێن یان لە ماوەیەكی دیاریكراو لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی یەك دەخرێن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل