گراهام هۆشداری دەداتە سعوودیە ئەگەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل نەکات

:: PM:10:07:24/05/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 24ی ئایاری 2026، لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمەریکا هۆشداریی دا کە سعوودیە و وڵاتانی تر، ڕووبەڕووی دەرەنجامی زۆر سەخت دەبنەوە ئەگەر پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە (ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل) نەکەن، لە کاتی گەییشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان تاران و واشنتن.

گراهام لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی (ئێکس) نووسیویەتی، ئەگەر هاوپەیمانە عەرەب و موسڵمانەکانمان لە ناوچەکەدا، لە ئەنجامی ئەم دانوستانانەدا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی ئێران، ڕازی بن پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە بکەن، ئەوا ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێککەوتنەکان لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو سەناتۆرە پێی وایە کە، چوونە ناوەوەی سعوودیە، قەتەر و پاکستان بۆ ناو ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ناوچەکە و جیهاندا دروست دەکات." هەروەها ئەم هەنگاوەی بە بڕیارێکی زیرەکانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا وەسف کرد.

گراهام ڕووی دەمی کردووەتە سعوودیە و وڵاتانی تر و گوتی، ئێستە کاتی ئەوەیە هەنگاوی ئازایانە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بنرێت. پێشبینی دەکەم وەک ترەمپ ئاماژەی پێ داوە، ئێوەش پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە بکەن، کە ئەمەش بە کرداری کۆتایی بە ململانێی عەرەب و ئیسرائیل دەهێنێت.

لە درێژەی هۆشدارییەکەیدا بۆ وڵاتانی عەرەبی گوتی، ئەگەر ڕەتتان کردەوە بەو ڕێڕەوەدا بڕۆن کە ترەمپ پێشنیازی کردووە، ئەوا دەرەنجامی زۆر خراپی بۆ پێوەندییە داهاتووەکانمان دەبێت، و وای لێ دێت کە پێشنیازی ئاشتی قبووڵ نەکرێت و لە مێژووشدا وەک هەڵەیەکی گەورە سەیر دەکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا گراهام ڕوو لە ترەمپ دەکات و دەڵێت، پابەندی هەڵوێستەکەت بە لە گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران. لەوەش گرنگتر، پابەند بە بەو پێداگرییەی کە دەبێت سعوودیە و وڵاتانی تر پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە بکەن وەک بەشێک لەم دانوستانانە.



وشە - پۆڵا مەحموود