قائانی: ئەگەر پێویست بكات لایەنی تر دێنە ناو شەڕ

:: PM:09:58:08/06/2026 ‌

شەوی رابردوو ئێران دەستی بە مووشەكبارانی ئیسرائیل كردەوە، ئەگەرچی ئەمڕۆ بە گوشاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هێرشەكان وەستان، بەڵام هەڕەشەی بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل لە یەكتر بەردەوامە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ستایشی جموجۆڵی حوسییەكانی یەمەنی لە دژی ئیسرائیل كرد و ئاماژەی بۆ هاتنی لایەنی تر بۆ ناو شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكان كردەوە.

بەپێی پۆستێكی قائانی، جموجۆڵی بەهێز و لەكاتی خۆی یەمەن، ئاماژە بۆ زیرەكیی بەرەی مقاوەمە دەكات كە ئەگەر پێویست بكات، لایەنی تر دێنە ناو شەڕەكەوە، پشتێنەی نوێی تەناهی بەرەی مقاوەمەت لە گەرووی هورمزەوە بەرەو گەرووی بابولمەندەب و لە كەنداوی فارسییەوە بەرەو دەریای سوور درێژ دەبێتەوە.  

روونی كردەوە، كارە شەڕخوازییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە كاردانەوەیەكی یەكگرتووی بەرەی مقاوەمەتی لێ دەكەوێتەوە، رووی لە ئەمەریكا و ئیسرائیل كرد و گوتی، شەڕوانانی بێ سنوور چاودێریی رێڕەوی تێپەڕبوونتان دەكەن، لە هێرشەكتانتان بەردەوام بن ئەوان ملی ئێوە دەگرن.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئێران لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، مووشەكبارانی ئیسرائیلی دەست پێ كردەوە، ئەمڕۆ دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئێران وەستانی هێرشەكانی راگەیاند، بەڵام وریایی لە بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان دا، بەوەی بە هێرشی توندتر وەڵام دەدرێتەوە، هاوكات كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی گواستەوە كە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر ئێران وەستاندووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل