بەگوێرەی بەڵگەیەك كە لە میدیاكانی عێراق بڵاو كراوەتەوە، جەمال كەربوولی سەرۆكی حزبی حەل و سەركردەی سیاسیی سوننە لە عێراقدا. چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری رێكخراوی مانگی سووری عێراقی بردووە كە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەك لە بەغدا تەرخان كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، بەڵگەیەك لە
ماڵپەڕە عێراقییەكان بڵاو كراوەتەوە كە لە مانگی یەكی رابردوو لە دادگای كەرخ دەرچووە، لە بەڵگەكەدا داوا لە جەمال كەربوولی سەرۆكی حزبی حەل دەكرێت بڕی چوار ملیۆن و 500 دۆلار بۆ رێكخراوی مانگی سووری عێراقی بگێڕێتەوە.
لە زانیارییەكانی بەڵگەكەدا هاتووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ خێرخوازەكانی سعوودیە دەگەڕێتەوە كە لە رێگەی جەمالەوە بۆ رێكخراوی مانگی سووریان ناردووە، بۆ ئەوەی نەخۆشخانەیەك لە بەغدا دروست بكات، كەچی جەمال كەربوولی دەستی بەسەردا گرتووە.
جەمال كەربوولی پێشتر چەندان دۆسیەی گەندەڵی لە دادگاكانی عێراق هەبووە و ماوەیەكیش گیراوە.
تا ئێستە هیچ دەزگایەكی فەرمی عێراق ناوەڕۆكی بەڵگەكەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.