ئیسرائیل: هەر مووشەكێك ئاراستەی باكور بكرێت بەیرووت بۆردمان دەكەین

:: PM:04:54:09/06/2026 ‌

هەفتەی رابردوو بە گوشاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هێرشەكانی حزبوڵا و ئیسرائیلی بۆ سەر یەكتر وەستاند بۆ ئەوەی كار لە دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا نەكات، لە چەند رۆژی رابردوو ئێران بە پاساوی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا مووشەكبارانی ئیسرائیلی دەست پێ كردەوە و ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە، بەڵام ئەو هێرشانە وەستان، حكوومەتی بچووككراوەی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە بۆ لەمەودوا هەر مووشەكێك ئاراستەی ئیسرائیل بكرێت بەیرووت دەكەنە ئامانج.

ئەنجوومەنی ئاسایشی بچووككراوەی ئیسرائیل بڕیاری دا هەر مووشەكێك لە خاكی لبنانەوە ئاراستەی باكوری ئیسرائیل بكرێت، بێ رەزامەندیی سیاسی هێرش دەكرێتە سەر بەیرووت، ئەو بڕیارە لەمشەوەوە دێتە جێبەجێكردن، بەرانبەر بە هەر مووشەكێك پایەتەختی لبنان راستەوخۆ دەكرێتە ئامانج، وەك كەناڵی 14ی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەم گواستییەوە، جیا لەوە ئەو بڕیار بێ رەزامەندیی سەركردایەتیی سیاسی جێبەجێ دەكرێت، لەوانە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیران و یسرائیل كاتس وەزیری بەرگری.

بەپرسێكی ئیسرائیلیش دووپاتی كردەوە كە ئەگەر حزبوڵا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، وڵاتەكەی باشووری بەیرووت دەكاتە ئامانج، وەك رۆژنامەی ئیدیعۆت ئەحرانۆتی ئیسرائیلی گواستییەوە كە فەرمان بە سوپای ئیسرائیل كراوە بە هاوكێشە نوێیەكە پابەند بن، واتە بەیرووت بەرانبەر بە باكوری ئیسرائیل.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل