بەرپرسانی ئەمەریكی رایان گەیاند كە وڵاتەكەیان لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرێكی جۆری ئەپاچی لە دووشەمی رابردوو لە نزیك گەرووی هورمز دەكات، ئاخۆ ئێران رۆڵی هەبووە لە رووداوەكە، كە دوای چەند سەعاتێك گەڕان، توانرا تیمی فڕۆكەوانیی هەلیكۆپتەرەكە بدۆزرێنەوە.
ئەمڕۆ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا رای گەیاند كە سوپای ئەمەریكا دوو فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەرە تێكشكاوەكەی لە دوای كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەیان لە نزیك كەناراوەكانی عومان رزگار كردووە، لە كاتی بوونیان لە ئەركی چاودێریكردن لە ئاوی نێودەوڵەتی، لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە توانیویانە دوو فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەرەكە بدۆزنەوە، ئەوان دۆخیان باشە، سبەی راپۆرتێك لەوبارەوە بڵاو دەكەنەوە.
لای خۆیەوە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری گوستەوە كە شەوی دووشەم هەلیكۆپتەرێكی ئەمەریكی لە نزیك گەرووی هورمز كەوتووەتە خوارەوە و دوو فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەرەكە بە سەلامەتی رزگار كراون، رۆژنامەكە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگەدار گوتی، هەلیكۆپتەرە جەنگییەكە لە جۆری ئەپاچییە و سەر بە سوپای ئەمەریكایە و لە نزیك گەرووی هورمز كەوتووەتە خوارەوە.
سەرچاوەكان دووپاتیان لەوە نەكردەوە ئاخۆ هۆكاری كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكە هێرشی ئێران بووە یان رووبەڕووی كێشەیەكی تەكنیكی بووەتەوە و بەوهۆیەوە كەوتووەتە خوارەوە، تەنیا ئەوەندەیان ئاشكرا كرد، كە دوو فڕۆكەوانەكە لە لایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە بە سەلامەتی رزگار كراون.