بۆچی زەیدی دەست بۆ دۆسیەكانی گەندەڵی دەبات؟

:: PM:06:58:09/06/2026 ‌

عێراق سەرەڕای دەوڵەمەندیی بە نەوت، بەدەست دەیان تەنگژەوە دەناڵێنێت، شارەزایان پێیان وایە یەكێك لەو هۆكارەكانی ئەو دۆخە، ئەو گەندەڵیەیە كە هیچ حكوومەتێكی عێراق نەیتوانیوە دەست بۆ دۆسیەكانی ببات و سزای گەندەڵكاران بدات، حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم مانگی دەستبەكاربوونییەوە دەستی بۆ هەڵدانەوەی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی بردووە و نازانرێت هەوڵەكانی تا كوێ بڕ دەكەن.

بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوو بەغدا چەند داواكاری و پەیامێكی لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە كۆمەكبەخشەكان پێ گەیشتووە، بە پێویستیی كاراكردنی دۆسیەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و زیادكردنی دیودەری لە ئیدارەدانی سامانی گشتی، ئەمەریكاش ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتیی تەكنیكی بۆ حكوومەتی عێراق لە بواری نەهێشتنی گەندەڵی و بەدواداچوون بۆ پارە دزراوەكان و گەڕاندنەوەیان دەربڕیوە.

ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، ئێستە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بووەتە بەشێك لە گفتوگۆكانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكان لە سایەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی هەیە، بۆیە فرەوانكردنی رێوشوێنەكانی دەستپاكی و چاودێریكردن، یەكێكە لە هۆكارەكانی متمانەی لایەنە نێودەوڵەتییە پاڵپشتەكان بۆ ئابووریی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو زیاد دەكات.  

بەپێی چاودێران، لە چەند مانگی داهاتوو شەڕی گەندەڵی دەبێتە یەكێك لە كاریگەرترین دۆسیەكانی كار لە داهاتووی حكوومەتی ئێستەی عێراق دەكات، بەتایبەتی كە تێكهەڵكێشە لەگەڵ دۆسیەكانی ئابووری و وەبەرهێنان و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، هاوكات هێزە سیاسییەكان چاودێریی هەنگاوەكانی حكوومەت دەكەن، ئاخۆ لێكۆڵینەوەكان تا ئەو ئاستە فرەوان دەكات بگاتە كەس و لایەنە دەسترۆیشتووەكان، یان جارێكی تر وەك پێشوو بەر دیواری هێزە سیاسی و بەرژەوەندییەكانیان لە رێگەی تۆڕەكانی بە درێژایی ساڵانی رابردوو لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت دروستیان كردووە دەكەوێت و شكست دێنێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل