هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە شەڕەکەدا کردووە

:: PM:07:28:09/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا بە هەڵدانی مووشەکی بەرپەرچدەرەوە هەوڵی خستنەخوارەوەی ئەو مووشەکانەیان داوە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەو هەوڵانەی بەرپەرچدانەوە سەرکەوتوو بوون یان نا. سەرچاوە ئەمەریکییەکە ڕوونی کردەوە کە بەرپرسانی وڵاتەکەی هێشتا لە هەوڵی هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانی هێرشەکەدان بۆ ئەوەی بزانن کێ چ ئامانجێکی پێكاوە.

لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە تۆڕەکەی ڕاگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی بە درێژایی شەو لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە هاوئاهەنگیدا بووە، هەروەها ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل دوو جار پێوەندیی بە ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆمەوە کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەم، ئێران ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند، بەڵام هۆشداریی دا کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، بەتایبەتی لە باشووری لبنان، ئەوا دەست بە ئۆپراسیۆنەکانی دەکاتەوە. بەیاننامەکەی ئێران کەمێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ئیسرائیل و ئێران چاوەڕوانی ئاگربەستێکی خێران، ئەمەش دوای ئەوەی شەپۆلی هێرشەکانی نێوان هەردوو وڵات مەترسییان خستە سەر ئەو ئاگربەستە ناسکەی کە پێشتر هەبوو.

هاوکات بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی ئاگربەست ڕابگەیەنێت.



وشە - پۆڵا مەحموود