سەرۆك بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەكانی دەزگای ئەیلوول و گوڵان و زیندانیانی سیاسیی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.
سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و سەرەتا سوپاسی خۆڕاگری و خەبات و ماندووبوونی ئەوانی له شۆڕش و بەرخودان و زیندانەكاندا كرد و گوتی، ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستە لە فەزڵی خوا و خوێنی شەهیدان و فرمێسكی دایكی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی ئێوەیە، بۆیە كە لەگەڵ ئێوه دانیشتووم، هزر و بیرم ئاسودەیە.
سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی رابردووی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی عێراق و قۆناغەكانی ئەو هەڵبژاردنانه خستەڕوو. هەروەها باسی نووسینەوەی دەستووری عێراق و پابەندنەبوون به دەستوور له لایەن بەغداوه و سەرهەڵدانی كێشەكانی كرد به تایبەتیش له نێوان هەولێر و بەغدا. پوختەیەكیشی لەبارەی مێژووی زوڵم و ستەم و جینۆساید بەرانبەر خەڵكی كوردستان بۆ ئامادەبووان باس كرد و گوتی، به هەموو شێوازێك وڵاتی ئێمەیان وێران كرد و ئێمەش لەم چەند ساڵەی رابردوو هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ ئاوەدانكردنەوه و پێشخستنی كوردستان و ئەم هەوڵانه بێجگه لەوەی ئاستەنگی زۆریان لەبەردەمدا دروست كرا، بەڵام لەسەر كاركردن بۆ خزمەت و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان هەر بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین، ئێستاش ئاستەنگ زۆرن و پیلانیش هەن كه ئێمه رابگرن، بەڵام پشتیوان به خوا و به میللەتی خۆمان هەر بەردەوام دەبین.
سەرۆك بارزانی به ئامادەبووانی راگەیاند كه وەكچۆن له رابردوودا له سەنگەرەكاندا شەڕی قارەمانانەتان كرد، ئێستاش شەڕێكی مەزن له ئارادایه كه دەیانەوێت كۆمەڵگەی كوردستان به پیلانی جۆراوجۆر هەڵتەكێنن و نائومێدی بكەن، به تایبەتیش له رێگەی بڵاوكردنەوەی مادەی هۆشبەر، له هەڵبژاردنیش دەبێت به هەمان روحیەتی بەرخودانی سەنگەر كار بۆ سەركەوتن و نیشاندانی سەنگی پارتی بكەن.
هەروەها سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوه كردەوه كه دەبێت خۆمان هەبین و چاوەڕێی كەس نەبین ، هەر بۆ نمونە: چەندین جار كوردستان كەوته بەر هێرش و پەلاماری زۆر مەترسیدار، تەنیا پێشمەرگه پارێزگاری له خاك و میللەت كرد.
سەبارەت به دۆخی ناوخۆ، سەرۆك بارزانی گوتی، پڕۆژەی زۆر مەزن ئەنجام دراون و پڕۆژەی مەزنتریش له بەرنامەدا هەن بۆ ئەوەی میللەتی ئێمه پشت به خۆی ببەستێت، لەم چەند ساڵەی دواییشدا به كردەوه ئەوه سەلمێنراوه كه زۆربەی پڕۆژەكانمان به دەستوپەنجەی ناوخۆیی به شێوازێك و ئاستێكی زۆر بەرز ئەنجام دراون بۆیه ئێمه پشتمان به میللەتی خۆمان و پێشمەرگه گەرمه و له ژێر هیچ فشارێك سازش لەسەر مافەكانی خۆمان و مەبدەئەكانی خۆمان ناكەین.