خەڵكی كوردستان سزای ئەو كاندیدانەیان دا كە دژی سەروەریی هەرێم كاریان دەكرد

:: AM:10:33:12/11/2025 ‌
بەگوێرەی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، لە هەرێمی كوردستان هیچ كاندیدێكی سەربەخۆ دەرنەچووە، بەشێكی زۆریش ئەوانەی دژی هەرێم دەجووڵانەوە، دەنگی پێویستیان نەهێنا.

رەعد رەفعەت كاندیدی سەربەخۆ كە هەموو كاتی خۆی بە گەڕانەوە بۆ بەغدا بەخەسار دا، باسی لە تەوتین دەكرد و داوای دەكرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە بدرێ، هاوكات ئاماژەی بەوەش دەدا پێویستە بەغدا زیاتر بەسەر هەولێردا دەسەڵاتی هەبێت.

ئەم جۆرە گوتارە كە لای هەندێك لە كاندیدە بەناو سەربەخۆكان برەوی پێ دەدرا، ئامانج لێی شكاندن و بچووككردنەوەی هەرێمی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنە دەنگیان نەهێنا و خەڵكی كوردستان سزای دان.

 بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە ڕۆژانی نۆی 11 هەڵبژاردنی تایبەت و 11ی 11 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، نەوەی نوێش وەك هێزێك كە زۆرترین هێرشی بۆ سەر سەروەریی هەرێمی كوردستان دەكرد، دەنگەكانی بەتەواوی كەمیان كرد.

بەگوێرەی ئەنجامی نافەرمی، نەوەی نوێ لە سلێمانی دوو كورسی و لە هەولێریش یەك كورسی هێناوە، لە پارێزگای دهۆكیش هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێناوە.

بەدەستهێنانی سێ كورسی لەلایەن نەوەی نوێوە لە كاتێكدایە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ئەو جووڵانەوەیە توانی نۆ كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی گوتارە پۆپۆلستی و دژە كوردستانییەكانیانەوە بەتەواوی دەنگیان كەمی كرد.

هاوكات كۆمەڵی دادگەریش كە بەبۆنەی چەند كەسێكەوە دەستی بە هەڵمەتی دژ بە دەسەڵاتەكانی هەرێم كردبوو، دەنگەكانی كەمی كرد و تەنیا لە سلێمانی یەك كورسییان هێناوە و لە هیچ شارێكی تری كوردستان دەنگی پێویستیان نەهێنا.

ئەم ئەنجامە دەریدەخات هەموو ئەو كەس و گرووپ و حزبانەی دژی خەڵكی كوردستان و سەروەریی هەرێم و خۆبچووكردنەوە بۆ بەغدا كار دەكەن، دواجار بەر سزای خەڵكی كوردستان دەكەون و جارێكیتر رێگەیان پێ ناردێت هەناسە بدەن.



وشە - سۆران عەزیز