پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

:: AM:11:47:12/11/2025 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت، بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو عێراق دەكەم.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی تشرینی دووەم، لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان و هەموو عێراق دەكەم، هەروەها پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چین و توێژەكانی كوردستان دەكەم.

سەرۆك دەڵێت، لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی سەركردایەتی و ئەندامان و كادران و جەماوەری پارتی، هەروەها دامودەزگە ئەمنییەكان و هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان بكەم كە بە ماندووبوون و شەونخوونییان، كەشێكی ئارام و هێمنیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕەخساند. هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی ببێتە هۆی ئەوەی عێراق بكەوێتە سەر ڕێچكەی دروستی خۆی.



وشە - رامیار جەواد