چرا شەماڵ: حكوومەتی عێراق بەرانبەر گرووپە لە یاسادەرچووەكان زۆر لاوازە

:: PM:02:48:10/03/2026 ‌
لەگەڵ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ سەرانی سیاسیی عێراق ناكەن، بەڵام گرووپە لە یاسادەرچووەكان بەردەوامن لە شەڕفرۆشتن بە هەرێمی كوردستان، چاودێرێكی سیاسیش دەڵێ‌، بەردەوامیی گرووپە تیرۆریستییەكان، مەترسین بۆ دەوڵەتی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئادار، چرا شەماڵ شارەزا و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان لە پاش ڕووخانی رژێمی عێراق، بە دەستوور ددانی پێدا نرا، لە هەموو سێكتەرەكان گەشەیەكی خێرای بەخۆیەوە بینی وەك دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازی، گەشەكردنی ئابووری و بووە ناوەندێكی گرنگی دیپلۆماسی و ئارامترین شوێنی عێراق.

روونیشی كردەوە كە  سنووری ئێران و عێراق و كوردستان كۆنترۆڵ نەكراون، حكوومەت و هێزە چەكدارە فەرمییەكان دەسەڵاتیان نییە و لاوازن، گرووپە چەكدارییە تیرۆریستییەكان چالاكیی تیرۆریستی دەكەن دژ بە كوردستان، ئەوان لە ناوخۆی عێراق و ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.

ئاماژە بۆ ئەوەیش كرد، گرووپە تیرۆریستییەكانی ناو حەشدی شەعبی، وەلائیان بۆ مەزەو هەیە نەك بۆ خاك و وڵاتەكەی خۆیان، ئەوەش وایكردووە وەك داردەست بەكار بهێنرێن، لە دژی كوردستان بۆ لێدان لە گەشەی ئابووری و دیپلۆماسی.

چرا شەماڵ زیاتر مەترسیی ئەم گرووپانە باس دەكات و دەڵێ، بەردەوامیی گرووپە تیرۆریستییەكان، مەترسین بۆ دەوڵەتی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان.

دووپاتی لەوە كردەوە كە حكوومەتی عێراق لاوازە بەرانبەر بە گرووپە تیرۆرستییە چەكدارییەكان، جیاوازیی سیاسی و زۆربوونی گرووپە چەكداری و پێوەستبوونیان بە دەوڵەتێكی دراوسێ، لەسەر مەزەو دامەزراون و خزمەت بە ئەجێندای دەوڵەتێكی دراوسێ دەكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەو گرووپە چەكدارە لە یاسادەرچووانە بەردەوامن لە دژایەتیی كوردستان و شەڕفرۆشتن، بەڵام پێشتر هۆشدارییان پێ دراوە كە ئارامگرتن تا سەر نییە. 

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم