كۆبوونەوەیەكی تەناهیی لە هەولێر.. خاكی كوردستان نابێتە مەترسیی و بەشێك نین لە ئاڵۆزییەكان

:: PM:03:32:10/03/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی باڵای سەربازی و تەناهیی كرد كە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاكانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.

لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تیشك خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە تەناهییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی شەڕ و كاریگەرییە مەترسیدارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها چەندان بڕیار و ڕێنوێنی بۆ پتەوكردنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان، چۆنیەتیی مامەڵەكردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكاندا دەرچوون.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە شەڕ و ململانێكان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی كارەكان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا دووپاتی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئێران یان هەر وڵاتێكی تری دراوسێ.

لە تەوەرێكی تردا، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە تێكدەرانە كرا كە لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووەكانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەك، دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و زیانی گیانی و ماڵییان لێ كەوتووەتەوە. لەمبارەیەوە دووپات كرایەوە كە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارە لەوەی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونكە ئەم پەلامارانە پێشێلكارییەكی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.

لە كۆبوونەوەكەدا هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ خێزان و بنەماڵەی شەهید و بریندارانی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان دووپات كرایەوە، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە و دامەزراوە تەناهییەكان كرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لە پێناو پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم