سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كرد.
لە دیدارەكەدا سەلاحەدین بەهادین وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ناوچەكە دووپاتی لەوە كردەوە، سەرەڕای بوونی جیاوازیی بۆچوونی سیاسیی نێوان لایەنەكان، دۆخەكە وا دەخوازێ كە دەبێ ڕاگۆڕینەوە و هاوئاهەنگی بەردەوامی نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر بابەتە هەستیارەكان هەبێت و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و هەروەها ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا بینیویەتی.
بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە كە لەو دیدارەدا پێوەست بە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكانە.
هەورەها باسی لەوەش كرد كە ئەولەویەت؛ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە و هەرێمی كوردستانیش لەپێناو نەهێشتنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری، ئامادەیە لە هەر ڕۆڵێكی ئاشتیخوازانەدا بەشدار بێ كە لێی بخوازرێ.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی هەندێ گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن و ڕای گەیاند، داوا لە حكوومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگى كراوە كە سنوورێك بۆ ڕەفتاری ئەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە دابنرێت.
پێوەست بە پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكان و هەستیاریی قۆناغەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هاوئاهەنگى و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت، گرنگە هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی كە تێیدا هەموو لایەك شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی. هەروەها بۆ بابەتی پێكهێنانی ئەنجوومەنی سیاسیش بە پێویستی زانی هەموو پارتە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بن بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.