سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رای گەیاند، لێدان لە یاسا و پێشێلكردنی لەم وڵاتەدا هەیە، دەبێت ئەوانە راست بكرێنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 24ـی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالیكی رای گەیاند، ئێمە زۆر خۆشحاڵین بە بینینی دكتۆر نووری مالیكی دۆست و كەسایەتییەكی كاریگەری ئەم وڵاتە.
زیاتر گوتی، رێزی یەكجار زۆرمان هەیە بۆ خەبات و ماندووبوونی جەنابیان و دۆستێكی نزیكی گەلی ئێمەیە. زۆر خۆشحاڵین بەوەی كە لە خزمەت جەنابیاندا بووین.
روونی كردەوە، باسی كۆمەڵێك لەو پرسانەمان كرد كە گرنگن بۆ عێراق، پێوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان و ئەو بارودۆخەی كە لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت. لەسەر هەموو ئەو خاڵانە قسەی زۆرمان كردووە، بیروبۆچوونەكانمان زۆر نزیكە.
مەسروور بارزانی باسی لەوەش كرد، هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی كە ئەو هەوڵانەی بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و لەم وڵاتەدا هەیە، لێدان لە یاسا و پێشێلكردنی لەم وڵاتەدا هەیە، دەبێت ئەوانە راست بكرێنەوە. لەسەر ئەو بابەتەش قسەی باشمان كردووە و ئینشاڵا بەردەوام دەبین لە پێوەندی و هەوڵ دەدەین كە هەموومان بەیەكەوە عێراق بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناك ببەین.