دامەزراندنی 250 كەس بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەنرا

:: PM:02:29:08/06/2026 ‌
ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، بە مەبەستی دامەزراندنی 250 كەس بەشێوەی گرێبەست لە فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، لینكی فۆرمی داواكاریی بڵاو كردەوە. 

پرۆسەكە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و لە 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوكات ئەنجوومەنەكە چەند ڕێنوێنییەكی بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە و یەكخستنی بەڵگەنامەكان دیاری كردووە.

دوابەدوای ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراویان ژمارە (12340) لە 6/10/2025، دیاریكردنی بواری پسپۆریی پێویست لەلایەن پارێزگای هەڵەبجە بە نووسراویان ژمارە (1/804) لە 30/3/2026، بۆ دامەزراندنی 250 كەس لە 32 پسپۆریی جیاواز لەسەر میلاكی گرێبەستی فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئەنجوومەنی راژەی گشتی لینكی فەرمی بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی داواكاری دامەزراندن بڵاو دەكاتەوە. 

لینكی ئاماژەپێدراو لە 10/6/2026 كارا دەكرێت و بۆ ماوەی 14 رۆژ تا رێكەوتی 24/6/2026 كۆتایی دەوامی فەرمی بەردەست دەبێت.

پڕكردنەوەی فۆرمی داواكاریی دامەزراندن لەلایەن پێشكەشكار، تەنیا یەك جار و بۆ تەنیا یەك پسپۆری دەبێت و هەر پێشكەشكارێك زیاتر لە یەك فۆرمی داواكاری رەوانە بكات، لە پێشبڕكێی دامەزراندن دوور دەخرێتەوە و داواكارییەكەی بۆ هیچ پسپۆرییەك وەرناگیرێت.

پێویستە پێشكەشكار ڕاستی و دروستیی زانیارییەكانی هاتوو لە ناوەڕۆكی فۆرمەكەی بۆ هەر بڕگەیەك بە وێنەیەكی بەڵگەنامەی ڕەسەن پشتڕاست بكاتەوە. بە پێچەوانە خاڵی ئەو بڕگەیەی بە بێ بوونی بەڵگە پڕ كراوەتەوە، هەژمار ناكرێت.

پێویستە كۆی بەڵگەنامەكان پێكەوە لەناو تەنیا یەك فایلی (pdf) یەك بخرێت و قەبارەی فایلەكە لە 100 مێگابایت تێپەڕ نەكات.

پێویستە پێشكەشكار پێش ئەوەی كرتە لەسەر لینكی ناردنی كۆتایی فۆرمەكەی بكات، بەوردی پێداچوونەوە بە زانیارییەكان و بوونی بەڵگەكانی پێویست بكات. 

فۆرمی دواكاری دوای ناردنی لەلایەن پێشكەشكار، راستەوخۆ دەچێتە ناو كێبەركێی دامەزراندن و هیچ بەڵگەنامە یان زانیاریی زیاتر لە پێشكەشكار وەرناگیرێت.





وشە - رامیار جەواد