ئەو شۆڕشە ئاوەدانییەی كە مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەستی پێ كرد، نەك تەنیا بۆ ژێرخانی كوردستان، بەڵكو ئاوەدانییەكی گەورەیە و قۆناغێك دەبڕێت، جیا لە هەموو ئەوانە، تەواوی پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەتان هەلی كاری لە ناوخۆدا رەخساندووە.
هەموو ئەو پڕۆژانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان بڕیاری دابوو هەر كۆمپانیایەك كار بكات، پێویستە 75%ی دەستی كاری خۆماڵی بێ، ئەوەیش هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ دروستكردنی سەتان هەلی كار لە پڕۆژەكاندا.
بۆ نموونە، لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – كۆیە كە لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 435 ملیار دینار بەردی بناغەی دانرا، كاركردن تیایدا لەلایەن كۆمپانیای ئوزان بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بەردەوامە، ڕۆژانە ستافێكی هەزار و 500 كەس بۆ ماوەی 10 سەعات كار لە ڕێگەكەدا دەكەن.
ئێستە كاركردن لە پڕۆژەكە گەیشتووەتە 20 كیلۆمەتر، پڕۆژەكە قۆناغی بڕین و پڕكردنەوەی كۆتایی هاتووە و پتر لە 300 ئامێر كار دەكەن لەو پڕۆژەیەدا، زیاتر لە یەك ملیۆن مەتر سێجا كاری بڕین و یەك ملیۆن كاری پڕكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە.
ئەو رێگایە هاتوچۆی خەڵك بە نزیكەی 20 بۆ 25 خولەك كورت دەكاتەوە، كاتێكیش ڕێگەی هەولێر- كۆیە تەواو دەبێت لە خاڵی كەسنەزانەوە دێتە ناو سەنتەری شاری هەولێرەوە، ئەگەر هەر ڕێبوارێك بیەوێت بەرەو پارێزگای دهۆك بڕوات، دەتوانێت ڕاستەوخۆ شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و 100 مەتری بەكار بهێنێت و بەرەو ئەو پارێزگایە بڕوات.
ئینجا تەواوی پڕۆژەكانی حكوومەت كە هەموو ناوچەكانی كوردستانی گرتووەتەوە، بەمشێوەیەیە و بووەتە هۆكاری کەمکردنەوەى بێكاری.