وەزارەتی دارایی و ئابووری یەكە ژمێریارییەكانی ئاگادار كردووەتەوە، سیستمی پەیرۆڵ كراوەتەوە و دەتوانن لیستی مووچەی مانگی نۆ ئامادە بكەن و بینێرنە گەنجینەكان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێركاریی سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری، یەكە ژمێریارییەكانی ئاگادار كردووەتەوە، لەمرۆ سێشەمەوە دەتوانن دەست بكەن بە ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆران و بدرێتە گەنجینەكان.
ئەوەش لە كاتێكدایە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ كردووە، ئێستە كار لەسەر ئامادەكردنی لیستی مانگی نۆ دەكرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی نۆ بۆ بەغدا بێتە ناردن، هاوكات چاوەڕێین ئەم هەفتەیە بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی حەوت بدرێت.
بەگوتەی د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەموو هەوڵەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە چڕ كراونەتەوە تا ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەفەوتێت.