بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بڵاوی كردەوە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لە ئەنجوومەنی كارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران، بڕیار درا بە دیاركردنی ئاستی هەرە كەمی مووچەی خانەنشینی كرێكاران بە بڕی 500 هەزار دینار، كە هاوتایە لەگەڵ مووچەی خانەنشینیی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی.
ئەنجوومەنی كارگێڕیی خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران، لە كۆبوونەوەی ژمارەی 179ی خۆیدا لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 259، پاڵپشت بە یاسای ژمارە چواری ساڵی 2012ی هەمواری یاسای پیادەكردنی یاسای خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران ژمارە 39 ساڵی 1971، ئاستی هەرە كەمی مووچەی خانەنشینی كرێكارانی دیار كرد كە بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە نۆ ساڵی 2014 ی عێراقی، بریتییە لە 500 هەزار دینار.
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی هەزار كرێكاری خانەنشینكراو هەن، كە مووچەی مانگانەیان لەلایەن خەزنەی خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دابین دەكرێت، خانەنشینكردنی كرێكاران بۆ ئەو كرێكارانەیە كە دەستەبەر كراون و بە هۆكاری هەڵكشانی تەمەن، گیان لەدەستدان یان پێكانی كار، خانەنشین دەكرێن.