ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە پێشبینی پسپۆرانی وڵاتەكەی دووپاتی لەوە كردووەتەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا هەریەك لە بەغدا و دیمەشق دەبن بە دوو هاوبەشی ئابووری بەهێز لە ناوچەكە، سەرەڕای ئەوەی ناكۆكیش لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی ناوەندگیرییان لەلایەن توركیاوە ئەو هەنگاوە گرنگە دەهاوێژن.
ڕۆژنامەی "جۆرشەلیم پۆست" لەوبارەیەوە بڵاوی كردووەتەوە، دۆخی گەرووی هورمز گرنگییەكی نێودەوڵەتی گەورەی پارەداركردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی
عێراقی بە دوای خۆیدا هێناوە، كە بریتییە لە بەیەكەوە بەستنەوەی بەندەری فاو بە توركیا و سووریا لە ڕێگەی تۆڕێكی فراوانی شەقامی گواستنەوە و هێڵی شەمەندەفەر.
ئاماژەی داوە، سەرەڕای بوونی بەرهەڵستی لەلایەن بەشێك لە لایەنەكانەوە، بەڵام هاندانی گەورە لەلایەن حكوومەتەوە هەیە تا پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، كە بە درێژایی هەزار و 200 كیلۆمەتر و بە تێچووی 17 ملیار دۆلار و بە داهاتی چوار ملیار دۆلار لە ساڵێكدا، دوای تەواوبوونی خەمڵاندنی بۆ كراوە، ئەمە عێراق دەكاتە ناوەندێكی گواستنەوەی بازرگانیی نێودەوڵەتی زۆر گرنگ.
یەكشەمی ڕابردوو كاروانێكی بازرگانیی توركیا لە ڕێگەی دەروازەی ڕەبیعەوە گەیشتە پارێزگای نەینەوا، پڕۆژەكە لە فاوەوە تا مووسڵ و لەوێشەوە بە رەبیعە و بۆ گرێسپی لە سووریا و پاشان بۆ توركیا درێژ دەبێتەوە.
لە كۆتاییدا ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا، وایكردووە كە ناكۆكییەكانی پێشووی نێوان هەردوو وڵات وەك دۆسیەیەكی لاوەكی سەیر بكرێن، هەردوولایش زیاتر بە ناوەندگیریی توركیا خەریكن لە یەكتر نزیكتر دەبنەوە و دەتوانن سوودی گەورە بە ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنن.
تێپهڕینی ڕێگهی پرۆژهی گهشهپێدان به مووسڵهوه بۆ سووریا و لهوێوهیش بۆ توركیا زیان به جووڵهی بازرگانی له دهروازهی سنووری ئیبراهیم خهلیل دهگهیهنێت و كاریگهری لهسهر ئابووری ههرێمی كوردستان دروست دهكات.