ئەحمەد دەلفی: ئێستە مووچەی خانەنشینان 500 هەزارە و دەیكەینە ملیۆنێك

:: PM:01:08:24/05/2026 ‌
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، سەرقاڵی تاوتوێكردنی هەمواری یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆن بەمەبەستی خستنە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، ئامانجیش لێی بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینی ئەو هێزانەیە بۆ نزیكەی ملیۆنێك دینار.

 ئەحمەد دەلفی ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لیژنەكەیان میوانداریی بەڕێوەبەرانی گشتیی سەرچاوە مرۆییەكان، فەرمانگەی یاسایی و فەرمانگەی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بۆ تاوتوێكردنی دیارترین بڕگەكانی هەمواری یاسای خانەنشینی تایبەت بە كارمەندانی وەزارەتەكە.

 ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردەوە: "دیارترین ئەو هەموارانەی پێشنیاز كراون، بریتین لە خانەنشینكردنی كارمەندان لە دوای تەواوكردنی 15 ساڵ خزمەت بەبێ ڕەچاوكردنی تەمەن، سەرەڕای هەژماركردنی دەرماڵەكانی خواردن و مەترسی لەناو مووچەی بنەڕەتیدا."

 دەلفی ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستە مووچەی بەشێك لە خانەنشینان لە 500 هەزار دینار تێپەڕ ناكات، بۆیە لیژنەكەیان كار دەكات بۆ بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینییەكانیان بۆ نزیكەی ملیۆنێك دینار. 

هاوكات هەموارەكان پێدانی دەرماڵەی مەترسی بە بڕی 250 هەزار دینار بۆ گرێبەستە نوێیەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ بەردەوامبوونی خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم كارمەندانی وەزارەتەكە بە بڕی 485 هەزار دینار.

 




وشە - سۆران عەزیز