بەمەبەستی زیادكردنی بازرگانیی نێوان ئوردن و هەرێمی كوردستان، شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتوون لە بازرگانان، سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە مەبەستی بەهێزكردنی پێوەندییە ئابوورییەكان، گواستنەوەی ئەزموونی پیشەسازی و دۆزینەوەی دەرفەتی كاری نوێ بۆ بازرگانان، شاندێكی باڵای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەچێتە ئوردن.
زیاتر گوتی، شاندەكە بەشداریی لە پێشانگەی نێودەوڵەتی دەكەن، لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بریكارییە بازرگانییەكان و ئیمتیازات (Franchise & Trade Agencies Expo 2026) كە لەسەر زەوی پێشانگەی نێودەوڵەتیی عەمان بەڕێوە دەچێت.
باسی لەوەش كرد، گفتوگۆكردن لەسەر ئاسانكاریی گۆڕینەوەی كاڵا و شتومەك و لێك نزیككردنەوەی پیاوانی كار لە نێوان هەولێر و عەماندا دەكرێت.
روونی كردەوە، ئەم سەردانە هەنگاوێكی گرنگی ژوورەكەیە بەرەو كێشانی وەبەرهێنانی دەرەكی و دابینكردنی بریكارییە بازرگانییە جیهانییەكان (Franchise) بۆ ناو بازاڕی هەرێمی كوردستان، كە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كاری زیاتر و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت.