رۆژێك دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی سووریا نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی نوێی پێشكه‌شی به‌رپرسانی درووزی له سوه‌یدا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌شی پۆلیس دابمه‌زرێنن، ده‌سته‌ی باڵای یاسایی سوه‌یدا به توندی پڕۆژه‌كه‌ی ره‌ت كرده‌وه، دیمه‌شقی به خۆدزینه‌وه له ژێر باری به‌رپرسیارێتییه‌كان تۆمه‌تبار كرد و گوتی، خه‌ڵكی سوه‌یدا یان سه‌ربه‌خۆیی یان خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان ده‌وێت.
حكوومه‌تی سووریا دوای كردبوو له سوه‌یدا كۆمه‌ڵێك ئه‌نجوومه‌نی خۆجێی و پۆلیس به‌شێوه‌ی هاوبه‌ش له نێوان حكوومه‌ت و دانیشتووانی سوه‌یدا دابمه‌زرێنرێن، به‌ڵام ده‌سته‌ی باڵای یاسایی سوه‌یدا پێداگریی له‌وه كردووه كه خه‌ڵكی سوه‌یدا له رووی یاسایی و ئه‌خلاقیش، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئازادانه خۆیان له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆیان بڕیار بده‌ن و یه‌كلای بكه‌نه‌وه، ئایا له سووریا جیا ده‌بنه‌وه یان ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان ده‌بێت.
ده‌سته‌كه سه‌ربه حیكمه‌ت هیجری رێبه‌ری درووزییه‌كانی سوه‌یدایه و له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به هه‌ڵوێستێكی پێشووی حكوومه‌تی سووریا كرد كه داوای كردبوو، لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی نێوده‌وڵه‌تی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كانی سوه‌یدا بكات، به‌ڵام له‌و داواكارییه‌ی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه و داوای كردووه تاوانباران به‌گوێره‌ی یاساكانی سووریا، لێپێجینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
ده‌سته‌كه‌ی حیكمه‌ت هیجری پێی وایه حكوومه‌تی دیمه‌شق، خۆی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كیی ئه‌و رووداوانه‌یه و ناكرێت تۆمه‌تبار له هه‌مان كاتدا رۆڵی دادوه‌ریش بگێڕێت و لێپێچینه‌وه له خۆی بكات. جگه له‌مه ده‌وڵه‌تی سووریا و داوده‌زگا ته‌ناهی و سه‌ربازییه‌كانی، راسته‌وخۆ هاوبه‌شی ئه‌و تاوانه بوون كه له سوه‌یدا كرا و خه‌ڵكیان كۆمه‌ڵكوژ كرد و ئه‌وانه هه‌رگیز ناتوانن دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه بنیات بنێن.
هاوكات ده‌زگای دادی سووریای به ده‌زگایه‌كی سیاسه‌تلێدراو و گوێڕایه‌ڵی به‌رپرسان هه‌ژمار كرد و گوتی، ناتوانێت دادپه‌روه‌ری به‌دی بهێنێت.
ده‌سته‌كه داوای له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه هیچ جۆره پێشنیازێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌پاندنی بڕیار به‌سه‌ر دانیشتووانی سوه‌یدا بێ، قبووڵ نه‌كرێت و ره‌ت بكرێته‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له دوای ده‌رچوونی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی سوه‌یدا، تۆم باراك نوێنه‌ری تایبه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كاروباری سووریا، پێشوازی له نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ی دیمه‌شق كردووه و نووسیویه‌تی، نه‌خشه‌كه ده‌بێته هۆی كۆتایێنان به قه‌یرانی سوه‌یدا و رێگه‌ی به‌رده‌م نه‌وه‌كانی داهاتووش هه‌موار ده‌كات.
ئه‌و پێی وایه ئاشتی به هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌ست پێ ده‌كات، به‌م نه‌خشه‌ڕێگه‌یه ده‌كرێ نه‌ته‌وه‌یه‌ك بنیات بنرێت كه هه‌مووان تێیدا مافی یه‌كسان و ئه‌ركی هاوبه‌شیان هه‌بێت.
ئه‌سعه‌د شه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، دوێنێ له كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌یمه‌ن سه‌فدی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن و تۆم باراك، باسی له پێشكه‌شكردنی نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی نوێ بۆ چاره‌سه‌ریی پرسی سوه‌یدا كردبوو.
دوای هێرشی هۆزه عه‌ره‌به به‌ده‌وییه‌كانی سووریا بۆ سه‌ر سوه‌یدا، به پاڵپشتیی دیمه‌شق به كرده‌وه درووزییه‌كان جینۆساید كران و سووكایه‌تی به رێبه‌رانیان كرا و له ماوه‌یه‌كی كورتدا خوێنێكی زۆر رژا. به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا، هه‌زار و 600 كه‌س كوژران كه ژماره‌یه‌كی زۆریان خه‌ڵكی سڤیل بوون. ئه‌وكات ئیسرائیل چه‌ند جارێك هێرشی ئاسمانی كرده سه‌ر دیمه‌شق و ته‌نانه‌ت له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی سووریای دا و به راشكاوی رای گه‌یاند، به‌رگری له مافی درووزییه‌كان ده‌كات.
درووزییه‌كان پێیان وایه به‌رپرسانی ئێسته‌ی سووریا، هه‌رگیز ناتوانن مافه‌كانیان به‌دی بهێنن، چونكه تیرۆریستن و روانگه‌ی زۆر خراپ و دواكه‌وتوویان بۆ مافه‌كان هه‌یه، بیركردنه‌وه‌یان هه‌رگیز له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ یه‌ك ناگرێته‌وه، له‌و ماوه‌یه‌ی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوون، ئه‌و راستییه‌یان سه‌لماندووه و متمانه‌یان له ده‌ست داوه.