لەماوەی مانگی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی كە ئێستە بەرپرسی بانگەشەی یەكێتییە لە هەولێر، بەرپرسی كۆمیتە و بازنەكانیان ئاگەدار دەكاتەوە كە وردەكاری ئەو لیستەی بۆ ئامادە بكەن كە دەنگدەری حزبەكەن.
تاڵەبانی بۆ ئەوەی ئەو كارە یەك دەست بێت كەسێك بەناوی بەختیار كاوانی دەكاتە بەرپرسی چاودێری بازنەكان، /بەختیار كاوانی ئەو كەسەیە پێشتر لە كوڕانی تاڵەبانی توڕە بوو، بەهۆی نزیكیشی لە ئەژی ئەمین دوو ساڵ لەمەوبەر لە لۆفەكانی كەلكەسماق تەقەی لێ كرا/.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوای ماوەیەكی زۆر هێنان و بردنی لیستی ناوی لایەنگرانی یەكێتی و فیدباكی لایەنگرانیان بۆ ئەو پێوەندییە تەلەفۆنیانەی بۆ خەڵكیان كردووە لە هەولێر دەردەكەوێ، یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا ئیفلیج بووە بەبێ ئەوەی ئاگەدار بن.
بەختیار كاوانی، بەرپرسی چاودێریی بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر چەند رۆژی رابردوو سەردانی قوباد تاڵەبانی كردووە راپۆرتەكەی بەبێ ترس پێشكەش كرد، بەڵام هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی توند دەبێت و بڕیار دەدات خۆی بەدواداچوون بكات.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەو راپۆرتەدا دەركەوتووە كە نزیك لە نیوەی دەنگەكانی یەكێتی و جەماوەری یەكێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان كەمی كردووە، ئەوەیش حزبەكەی تووشی شۆك كردووە.
بەشێكی تر لە زانیارییەكان هێمان بۆ ئەوەی كە بەرپرسی بەشێك لە كۆمیتەكانی یەكێتی كەمتەرخەمن لە بانگەشە، ئەوەیش بەهۆی باڵی كوڕانی كۆسرەت رەسووڵن و هەست دەكەن كە قوباد تاڵەبانی خۆی لەسەر جەماوەری یەكێتی لە هەولێر سەپاندووە، لە كاتێكدا ئەوان چاوەڕێیان دەكرد شاڵاو كۆسرەت رەسووڵ ئەو ئەركە وەربگرێ.
ئەو زانیارییە لەناو رێكخستن و مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر بڵاو بووەتەوە، ئەوەیش هۆكار بوو كە بڕیار بدرێت بانگەشەی یەكێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی پێش بخرێت و خرایە ئەمڕۆ شەموو، كە بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە لە شارەكانی ترەوە بە پاس خەڵك دەهێنن بۆ ئەوەی شۆكی ئەو راپۆرتە نهێنییەی بازنەكان لەناو مەڵبەند و كۆمیتەكاندا نەمێنێ.
یەكێتی لەم بانگەشەی ئەمجارەدا بەهۆی وتار لاوازییەوە لە دۆخێكی خراپدایە، ئێستە خەڵك پڕۆژە و ئەو كارانە دەبینێ كە كراون و یەكێتی هیچی لەناو ئەو پڕۆژەنەدا نییە، بەڵكو بانگەشەكەیشی لەسەر بنەمای جنێو و قسە دەڕوات.
هەموو ئاماژەكان و ئەو راپۆرتە نهێنییەی كە دراوە بە كوڕانی تاڵەبانی، بەڵگەن لەسەر ئەوەی دەنگی ئەمجارەی یەكێتی بە ڕێژەیەكی زۆر پاشەكشە دەكات، كە زۆرێك لە هۆكار هەن و تەنانەت هێرشی سەر لالەزاریش بە نموونە هێنراوەتەوە.